نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند؛ کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەى ئەو
هاوڵاتیی و گەشتیارانەى بەهۆى داخستنى ئاسمانى وڵاتەکەوە گیریان خواردوە و
دەسەڵاتى فڕۆکەوانى عێراقیش درێژکردنەوەى داخستنى ئاسمانى وڵاتەکەى راگەیاند.
هەواڵ:KNNC
نوسینگەکەى محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند؛ وەزارەتى
گواستنەوەى راسپێردراوە تا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئوردن و کوەیت و تورکیا
کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەى هەمو ئەو گەشتیارانەى لەو وڵاتە گیریان خواردوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە دەستەى حەج و عومرە راسپێردراون لەگەڵ وەزارەتەکە
کار بکەن بۆ گەڕاندنەوەى دوا کاروانى ئەو حاجیانەى کە ماونەتەوە و دڵنیاببنەوە کە
بەسەلامەتى دەگەنەوە خاکى عێراق.
لەلایەکى
دیکەوە؛ دەسەڵاتى فڕۆکەوانى عێراق رایگەیاند؛ ئاسمانى وڵاتەکە تا کاتژمێر 1:00ـى دوانیوەڕۆى
ئەمڕۆ بە داخراوی دەمێنێتەوە.
لەبارەى
هۆکارەکەیەوە ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە بۆ مەبەستى پاراستنى سەلامەتیی فڕۆکە
مەدەنییەکانە لە ئاسمانى عێراق و هۆکارەکەیشى ئەو گرژییانەیە ناوچەکەى گرتوەتەوە و
لە هەر گۆڕانکارییەکیش گەشتیاران ئاگادار دەکەنەوە.
167 جار خوێندراوەتەوە