دانوستانەکانى نێوان ئەمەریکا و ئێران دەستپێدەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
10:11 - 12/06/2025
جیهان
+
-

سەرەتاى هەفتەى داهاتو، دانوستانەکانى نێوان ئەمەریکا و ئێران لە مەسقەت دەستپێدەکاتەوە، رۆژنامەیەکى نزیک لە  سوپاى پاسدارانیش جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر بێتو داواکارییەکانى ئێران جێبەجێ نەکرێت، مێزى دانوستان جێدەهێڵن.

 

هەواڵ:KNNC

 

بەدر بن حەمەد بوسەعدى، وەزیرى دەرەوەى عومان رایگەیاند؛ رۆژى یەکشەممە، 15ـى ئەم مانگە؛ گەڕى شەشەمى دانوستانەکانى نێوان ئەمەریکا و ئێران لە پایتەختى وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت و تێیدا نوێنەرى کۆشکى سپى و وەزیرى دەرەوەى ئێران وەڵامى تاران بۆ دوایین پێشنیازى ئەمەریکا تاوتوێ دەکەن.

 

لاى خۆیەوە رۆژنامەی (جەوان)ـی سەر بە سوپای پاسداران، لەبارەى دانوستانى نێوان هەردو وڵات بڵاویکردوەتەوە کە کۆمارى ئیسلامى گوێ بە هەڕەشە دوبارەکانى بەرپرسانى ئەمەریکا نادات و لە پێگەى بەهێزەوە دانوستان دەکات.

 

ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە ئێران لە ئەگەرى جێبەجێنەکردنى داواکارییەکانیان ئامادەیە مێزى دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا جێبهێڵێت.

 

دەستپێکردنەوەى گەڕى شەشەمى دانوستانەکانى نێوان ئەمەریکا و ئێران لەکاتێکدایە، پەیوەندییەکانى نێوان هەردو وڵات بە گرژییەکى تونددا تێپەڕى، دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى ئەمەریکا بێئومێدبونى خۆى لە گەیشتن بە رێککەوتن لەڕێی گفتوگۆوە راگەیاند.

145 جار خوێندراوەتەوە