بەقائی: شوێن و وادەی گەڕی شەشەمی دانوستان دیاری نەكراوە

KNN : Kurdish News Network
04:25 - 25/05/2025
جیهان
+
-

شوێن و وادەی بەڕێوەچونی گەڕی شەشەمی دانوستانە ئەتۆمییەكەی ئێران نێوان تاران و واشنتۆن دیاری نەكراوە.


هەواڵ: (KNNC)


لەوبارەیەوە ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئەو دەنگۆیانەی لە راگەیاندنەكانەوە لەسەر بەڕێوەچونی گەڕی شەشەمی دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی وڵاتەكەی بڵاوكراوەتەوە دورە لە راستییەوە، تا ئێستا شوێن و وادەكەی دیارینەكراوە.


وتیشی: هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە وەزارەتی دەرەوەی عومان سەرچاوەكەیەتی، رۆژی چوارشەممەی داهاتوی وەک وادەی شەشەمین گەڕی دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی نێوان تاران و واشنتۆن بەڕێوەدەچێت راست نییە.


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیشكردەوە كە، گفتوگۆ لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن وڵاتەكەیەوە هێڵێ سورە و كۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت و لە ناوخۆدا بەكاریدەهێنێت.


پیتاندنی یۆرانیۆم، خاڵی سەرەکی دانوستانە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران و ئەمەریكایە، وڵاتانی رۆژئاوا بەگشتی و ئەمەریکا و ئیسرائیل بەپلەی یەكەم، گومانیان لە تاران هەیە کە مەبەست لەبەرنامە ئەتۆمییەكەی بۆ دروستكردنی چەکی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران رەتیدەکاتەوە و دەڵێت بەرنامەكەی لە وبرای ئاشتیجا بەكاردەهێنێت.


رۆژی هەینی رابردو، پێنجەمین گەڕی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە رۆما ئەنجامدرا، بەبێ ئەوەی گفتەگۆكانیان پێشكەوتن بەدەستبهێنن، شاندەکانی هەردو وڵات كۆتاییان بە گفتوگۆكان هێنا، بەڵام هەردو لایەن ئامادەیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی دانوستانی نوێ دەربڕی.

424 جار خوێندراوەتەوە