عومان بەبێ هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەی کۆتایی پێهاتنی گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی نێوان شاندی ئێران و ئەمەریکا ڕاگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت؛ دۆخەکە ئاڵۆزە و ئەگەری پێشکەوتن هەیە لەگەڵ ئەو پێشنیارانەی کە عومان پێشکەشی کردوە.
هەواڵ:KNNC
وەزیری دەرەوەی عومان، بەدر بوسەعیدی لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە بڵاویکردوەتەوە ؛ خولی پێنجەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا کۆتایی هات و هەندێک پێشکەوتن بەدەست هات، بەڵام هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەی نەبو.
وەزیرەکی عومان هیواشی خواستوە؛ "پرسە هەڵپەسێردراوەکان" لە چەند ڕۆژی داهاتودا ڕون بکرێنەوە "بۆ ئەوەی بتوانین بەرەو پێشەوە بچین لە ئامانجی هاوبەشمان کە گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام و شەرەفمەندانە".
لای خۆشیەوە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: خولی پێنجەمی دانوستانەکانی ڕۆما لەگەڵ ئەمەریکا کۆتایی هاتوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوڵتانییەتی عومان بیرۆکەی جیاوازی هەیە بۆ تێپەڕاندنی خاڵە ناکۆکیەکان لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا.
دەشڵێت؛ دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمەریکا ئاڵۆزن، کاتی زیاتریشی پێویستە و ئەگەری پێشکەوتن هەیە لەگەڵ ئەو پێشنیارانەی کە عومان پێشکەشی کردوە.
273 جار خوێندراوەتەوە