سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ لەلایەک باسی ئاشتی دەکات و
لەلایەکی دیکەش هەڕەشەی شەڕ دەکات، جەختیشدەکاتەوە، لەگەڵ ئەمەریکا درێژە بە دانوستانە ئەتۆمییەکان
دەدەن و لە هەڕەشەکانیش ناترسن.
هەواڵ:KNNC
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە میانی وتارێکیدا لە رێورەسمی دوەمین
ساڵرۆژی گەڕانەوەی 86ـهەمین فلۆتیلای هێزی دەریایی ئێران رایگەیاند، لێدوانەکانی سەرۆکی
ئەمەریکا بەتەواوی دژ بەیەکن، هەندێک جار باسی ئاشتی دەکات و هەندێکجاریش باسی شەڕ
دەکات، تاران نازانێت باوەڕ بەچی بکات.
سەبارەت بە سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ وڵاتانی عەرەبی، پزشکیان وتی: "ترەمپ
شتگەلێکی لە ناوچەکە وتوە کە جگەلەخۆی کەس باوەڕی پێناکات، لەلایەک باسی ئاشتی
دەکات و لەلایەک دەڵێت، "ئێمە ئامڕازێکمان هەیە دەبێتەهۆی وێرانکاری لە
جیهاندا، نازانین کام وشەیە قبوڵ بکەین، پەیامی ئاشتی یان یان پەیامی لەناوچونی مرۆڤایەتی"،
ئیسرائیل بەشێوەیەکی دڕندانە 60 هەزار کەسی بێتاوانی کوشت و منداڵانی غەززەی
روبەڕوی بێ نانی و بێ ئاوی و خۆراک کردوەتەوە، هەردو وڵاتیش بانگەشەی ئەوە دەکەن
کە پشتگیری لە مافی مرۆڤ دەکەن".
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: "دەتوانین ژێردەریایی و کەرەستەی تێکدەر و
هەمو جۆرە چەک و کەرەستەیەکی پێویستی سەربازی دروستبکەین، بەبێ ئەوەی پشت بە
کەسانی دیکە ببەستین، دەتوانین لەوبوارەدا هەناردەش دەستپێبکەین".
وتیشی: "ئێمە دانوستان
دەکەین و بەردەوامیش دەبین، بەدوای شەڕدا ناگەڕێین، بەڵام لێی ناترسین، وەک ئەوە نییە
کە ئەگەر هەڕەشەمان لێ بکرێت پاشەکشە بکەین لە مافە زەوتنەکراوەکانمان، نەخێر، دەستکەوتە
شکۆمەندەکانمان لە بوارەکانی سەربازی و زانستی و ئەتۆمی و بوارەکانی تردا فەرامۆش
ناکەین".
119 جار خوێندراوەتەوە