سەنتەری میترۆ و فراكسیۆنی گۆڕان کۆبونەوە

KNN : Kurdish News Network
05:18 - 13/05/2025
کوردستان
+
-




سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، جوانڕۆ محەمەد سەردانی سەنتەری میترۆی کرد و رەوشی ئازادی كاری رۆژنامەنوسان و دۆخی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی هاوڵاتییان بۆ مافە رەواكانیان تاوتوێکرا و سەنتەرەکە  داوای کرد بزوتنەوەی گۆڕان وەک رابردو، بە هەمان پرەنسیپی كارەكانی پێشوی نزیك بێت لە خەم و داخوازی خەڵكی كوردستان.


هەواڵ:KNNC


ئەمرۆ سێشەممە 13ی ئایار 2025، تیمی سەنتەری میترۆ  لە سلێمانی پێشوازییان لە سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان، جوانڕۆ محمد لە پەرلەمانی كوردستان كرد و گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ئازادیی رادەربڕێن و نارەزایەتی هاوڵاتییان کرد.


لەبارەی سەردانەکەی سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، سەنتەری میترۆ دەڵێت؛ سەردانەكە دەرفەتێك بو بۆ گفتگۆ لەبارەی فەزای مەدەنی و رەوشی ئازادی كاری رۆژنامەنوسان و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی هاوڵاتییان بۆ مافە رەواكانیان.


سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەشکردوە، جوانڕۆ محمد، لەكاتی كاركردنیدا لە رۆژنامەی هاوڵاتی، دواتریش میدیای بزوتنەوەی گۆڕان، رۆژنامەنوسێكی پیشەیی بوە و  یەكێك بوە لەو رۆژنامەنوسانەی بەردەوام پشتیوانی سەنتەری میترۆو ئامانجەكانی بوە.

هەروەها سەنتەرەکە جەختی لەوەشکردوەتەوە،  ئێستا میترۆ  جوانڕۆ محەمەد بە نوێنەری خۆی دەزانێت لە كاری داهاتوی لە پەرلەماندا و چاوەڕوانە بە هەمان پرەنسیپی كارەكانی پێشوی نزیك بێت لە خەم و داخوازی خەڵكی كوردستان و پشتیوانیكردنی لەو پرۆژە یاسایانەی لە بەرژەوەندی هاوڵاتییان و فراوانكردنی ئازادییەكان بێت.

90 جار خوێندراوەتەوە