پەکەکە ئەنجامی 12ـیەمین
کۆنگرەی خۆی بڵاوکردەوە و بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی
چەكداری و سەرجەم چالاکییەکانی.
هەواڵ:KNNC
پارتی کرێکارانی
کوردستان-پەکەکە لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویکردەوە: 12ـیەمین کۆنگرەی پارتەکەیان بە
سەرکەوتوانە تەواو بوە و لە یەك کاتدا لە دو ناوچەی جیاواز بە هۆکاری ئەمنی
سازدراوە، کە تێیدا 232 ئەندام بەشدار بوە.
ئاماژە بەوەشکراوە: پەکەکە
ئەرکی مێژویی خۆی تەواوکردوە و لەسەر ئەو بنەمایەش بەبڕیاری عەبدوڵا ئۆجەلان، لە کۆنگرەکەدا
بڕیاردراوە بە هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێكخراوەیی پارەتەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی
چەكداری و ئەو چالاکییانەی کە بەناوی پارتەکەوە ئەنجام دەدرێن.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا پەکەکە
ڕونیکردوەتەوە: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە، ڕێگە بە دانانی بناغەیەکی تۆکمەی
ئاشتی و دیموکراسی بۆ گەلی کورد دەدات، هەروەها ئەو بریارانەی باسیان لێوە دەکرێت،
پێویستی بە ئاڕاستەکردن و گەرەنتی یاسایی دروست هەیە.
دوپاتیشی کردوەتەوە،
دوازدەهەمین کۆنگرەی پارتەکەیان لەسەر داخوازی سەرۆکایەتی ئەنجامداوە و بەڵێنی سەرکەوتنی
پڕۆسەکە بە هەمو شەهیدان و سڕری سورەییا ئوندەر دوپات دەکەنەوە.
ئەوەش خراوەتەڕو: ڕاپەڕینەکانی
کورد لە مێژوی کۆماریدا، دیالێکتیکی پەیوەندییەکانی کورد و تورك بە درێژایی هەزار
ساڵی مێژو و خەباتی 52 ساڵەی ئۆجەلان نیشانی دەدەن کە پرسی کورد، تەنها لەسەر بنەمای
وڵاتێكی هاوبەش و هاڵاتییەکی یەکسان چارەسەر دەبێت.
باس لەوەش کراوە: ئەو
پێشهاتانەی ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی سێیەمدا ڕودەدەن،
پێویستی بە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی کورد و تورکیا هەیە.
267 جار خوێندراوەتەوە