سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەیەکی ئەمەریکی کە لەلای بزوتنەوەی حەمماسە، بارمتە فەڵەستینییەکان ئازاد ناکەین.
هەواڵ:KNNC
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، نیازی بزوتنەوەی حەمماس بۆ ئازادکردنی (ئیدان ئەلێکساندەر)ـی بارمتەی ئیسرائیلی- ئەمەریکی، ئازادکردنی بارمتە فەڵەستینییەکانی بەدوادا نایەت.
جەختیشیکردەوە، دانوستانەکان بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان لە کەرتی غەززە، لەژێر "تەقە"ـدا بەردەوام دەبن، ئامادەکارییەکانیش بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لەو کەرتە بەردەوامن.
وتیشی: ئیسرائیل پابەند نییە بە هیچ ئاگربەستێک و ئازادکردنی "تیرۆرستانەوە"، بەڵکو تەنها پابەندە بە دامەزراندنی رێرەوێکی سەلامەت کە رێگە بە ئازادکردنی ئیدان ئەلێکساندەر بدات.
حەماس ڕۆژی یەکشەممە رایگەیاند کە ئەلێکساندەر، سەربازێکی ئەمریکی-ئیسڕائیلی کە لە غەززە بە دیل گیراوە، ئازاد دەکات، راشیگەیاند، دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامدەدات بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە.
تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ ئازادکردنی دیاری نەکراوە، بەڵام خێزانی ئەلێکساندەری تەمەن 21 ساڵ، رایانگەیاندوە، ئاگادارکراونەتەوە کە "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا" ئازاد دەکرێت.
153 جار خوێندراوەتەوە