وەزیری دەرەوەی
ئێران ئاشكرایكرد؛ بەراورد بە سێ گەڕی پێشوتری دانوستانەكانیان لەگەڵ واشنتۆن، ئەم
گەڕی چوارەم راشكاوانەتر بوە و بەدڵنیاییەوە تاران هیچ سازشێك لەسەر پیتاندنی
یۆرانیۆم ناكات.
هەواڵ: (KNNC)
دوای كۆتاییهاتنی
گەڕی چوارەمی دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەتەلەفزیۆنی
فەرمی وڵاتەكەی راگەیاند: بەراورد بە سێ گەڕی پێشوتری دانوستانەكانیان لەگەڵ
واشنتۆن، گەڕی چوارەم جدی تر و راشكاوانەتر بو، ئێستا گفتوگۆكانی تاران و واشنتۆن لە
بابەتە گشتییەكان تێپەڕیون و چوینەتە ناو وردەكارییەكان.
وتیشی: سەرباری
سەختی دانوستانی گەڕی چوارەم، بەڵام زۆر سودبەخش بون، لەم قۆناغەدا هەردولا
تێگەیشتنێكی باشتریان هەیە هەروەها بەشێكی زۆری بابەتە سەرەكییەكانی ناكۆكی نێوان
وڵاتەكەی و ئەمەریكا، گفتوگۆیان لەسەركراوە و تاڕادەیەك بەیەكتر نزیك بونەتەوە.
رونیكردەوە كە؛
بڕیاریانداوە درێژە بە دانوستانەكان بدرێت، بۆ گەڕی داهاتوش بەلەبەرچاوگرتنی
بەرنامەكانی تاران و واشنتۆن لەبەرچاو گیراوە، هەروەها بۆ دیاریكردنی رۆژ و شوێنی
گەڕی پێنجەم لەلایەن وەزیری دەرەوەی عومانەوە
دیاریدەكرێت.
وەزیری دەرەوەی
ئێران ئاماژەی بۆئەوەشكردوە؛ پرسی هەڵگرتنی سزاكان لەسەر ئێران و پیتاندنی
یۆرانیۆم، دو پرسی سەرەكی دانوستانەكانن، بەدڵنیاییەوە تاران هیچ سازشێك لەسەر
پیتاندنی یۆرانیۆم ناكات، بەڵام رەنگە لەبارەی ئاست و بڕەكەیەوە هەندێك سنورداركردن
ئاسایی بێت.
راشیگەیاند: ئامانجی
سەرەكی كۆماری ئیسلامی ئێران لە دانوستانەكان، هەڵگرتنی سزاكانە، ئەوەش جێگەی
رەزامەندی هەردولایە، ئاواتەخوازن لە درێژەی دانوستانەكان بەرەپێشچونی زیاتر
بەخۆیانەوە ببینن.
260 جار خوێندراوەتەوە