سەرباری
دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكە، تەلئەبیب دەڵێت:
نابێت ئێران خاوەنی مەترسیدارترین چەكی جیهان بێت، میدیا ئەمەریكییەكانیش ئاماژە
بۆ ئەوەدەكەن، نەتانیاهۆ كارتی فشاری بۆ روبەڕوبونەوەی ترەمپ بەدەستەوە نییە.
هەواڵ: (KNNC)
ئەمڕۆ یەكشەممە، لە كۆنگرەیەكی
رۆژنامەوانیدا لەگەڵ یۆهان وادێفول، هاوتا ئەڵمانییەكەی گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی
ئیسرائیل جەختیكردەوە؛ وڵاتەکەی رەتی دەكاتەوە كە ئێران ببێت بە خاوەنی
مەترسیدارترین چەكی جیهان و دەبێت رێگری لە بەدەستهێنانی ئەو جۆرە چەكە بۆ تاران
بكرێت.
وتیشی: نابێت بەهیچ شێوەیەک چەكێكی
مەترسیدار بكەوێتە دەست مەترسیدارترین رژێم لە جیهاندا، و پێویستە دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران هەڵبوەشێنرێنەوە.
لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی
ئیسرائیل هاوکاتە لەگەڵ گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە عومان.
هاوكات، میدیاكانی ئەمەریكا
بڵاویانكردەوە؛ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هیچ كارتێكی فشاری بەدەستەوە
نییە بۆ ئەوەی روبەڕوی دۆناڵد ترەمپ ببێتەوە.
133 جار خوێندراوەتەوە