بنیامین نەتەنیاهۆ: بەتوندی وەڵامی حوسییەكان دەدەینەوە

KNN : Kurdish News Network
04:28 - 04/05/2025
جیهان
+
-

دوای بە ئامانج گرتنی فڕۆكەخانەی تەلئەبیب لەلایەن ئەنساروڵا (حوسییەكان)ـی یەمەن، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵیت: بەتوندی وەڵامیان دەدەنەوە.


هەواڵ: (KNNC)


بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: بەتوندی وەڵامی هێرشەكەی ئەمڕۆ یەكشەممەی حوسییەكانی یەمەن دەدەنەوە كە تیایدا بە موشەكێكی بالیستی فڕۆكەخانەی تەلئەبیبیان بەئامانج گرت.


وتیشی: بەیەك هێرش كردنە سەر حوسییەكان واز ناهێین، بەڵكو چەندین هێرشی توند دەكەنە سەر ئەو گروپە.


رونیكردەوە، پێشتر بنكە و بارەگای حوسییەكانییان لە یەمەن بەئامانج گرتوە و لەسەر هێرشە سەربازییەكانیشیان بەردەوام دەبن، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ ئیدارەی كۆشكی سپی هەماهەنگی دەكەن.


سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كاتێكی جەنگی غەززە كۆتایی پێدەهێنن كە سەركەوتنی گەورە بەدەستبهێنن، چونكە لە كاردانەوە سەربازییەكانیاندا ئامانجی گەورەیان پێكاوە، هەروەها توانیویانە لە (80%)ـی بارمتەكانیان ئازاد بكەن ئەوەش نزیكی كردونەتەوە لە سەركەوتن.


هاوكات، كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئیسرائیل بڵاویكردەوە؛ بەهۆی هێرشی حوسیەكانەوە، بۆ سەر فڕۆكەخانەی تەلئەبیب، مەترسی لەسەر گەشتەكان دروستكردوە بۆیە فڕۆكەخانەكە تەووای گەشتە ئاسمانییەكانی راگرت و ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپاش تا رۆژانی (7 و 8ـی 5ـی 2025) گەشتە ئاسمانییەكانیان هەڵپەسارد.

139 جار خوێندراوەتەوە