وەزارەتی تەندروستی: سەربڕینی ئاژەڵ لەماڵەوە قەدەغەیە

KNN : Kurdish News Network
04:36 - 25/04/2025
تەندروستی
+
-

بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی تای خوێن بەربون كە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی زۆر مەترسیدارە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ژمارەیەك رێنمایی بڵاوكردەوە و دەڵێت: سەربڕینی ئاژەڵ لەماڵەوە قەدەغەیە.


هەواڵ: (KNNC)


بۆ رێگەگرتن لە توشبون و بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربون، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیار و راسپاردەیەكی نوێ ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتىیەكانی هەولێر، سلێمانی،  دهۆک، هەڵەبجە، راپەرێن، گەرمیان، زاخۆ، سۆران و کۆیە دەكات.


لە نوسراوەكەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمدا هاتوە؛ بەمەبەستی كۆنترۆڵ كردنی نەخۆشی تای خوێن بەربون كە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی زۆر مەترسیدارە و لەبەر تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی پشت راستكراو لە هەندێك پارێزگاكانی عێراق، پێویستە ئەم رێوشوێنانە لە خوارەوە بگریێتەبەر؛


یەكەم: سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەر شێویەك بێت قەدەغەیە وسەربڕین تەنها لە شوێنی رێپێدراو دەبێت .


دوەم: پابەندبونی گۆشفرۆشەكان (قەساب) بە لەبەركردنی كەلوپەلی خۆپاراستن بەتایبەتی لەبەركردنی دەستكێشی لاستیك و جلی تایبەتی خۆپارێزی لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گوشت وخوێنەكەی بە شێوەی تەواو ولەكاتی سەرپێچی بە توندی سزادەدرێن.


سێیەم:  دوای سەر بڕینی ئاژەڵ پێویستە شوێنەكە بەبەكار هێنانی گیراوەی كلۆر (5%) پاكژ بكرێتەوە،  بەهەمان شێوە پاكژ كردنەوەی كەلوپەلی كە بەكارهاتوە لەكاتی سەربڕینی و پارچەكردنی گۆشتی ئاژەڵەكەدا.


چوارەم: پێویستە هاوڵاتیان گۆشتی سور لە شوێنی رێپێدراو بكڕن ودەستكێش لە دەست بكەن وئاگاداربن دەستیان هیچ برینداری نەبێت وتەختەی لەت كردنی گۆشت جیاواز بێت لە تەختەی لەت كردنی سەوزە، پاشان شوێنی لەت كردنەكە بە باشی خاوێن بكرێتەوە، دواتر پاكژ كردنەوەی بەهەمان شێوە كە لەخاڵی سێیەمدا ئاماژەی پێكراوە، پێویستە دەكات گۆشتەكەش بەتەواوی بكوڵێنرێت.


پێنجەم: لەكاتی سەردانی ئەو شوێنانەی گەنەی تێدابڵاوە، دەبێت جلوبەرگی قۆڵ درێژ و رەنگی كاڵ بەكاربهێنرێت، هەروەها بەكار هێنانی كرێمی تایبەت بە دور خستنەوەی مێرو و گەنە لە لەشی مرۆڤ.


شەشەم: پێویستە بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی ڤێتێرنەری و كشتوكاڵ بكەن دەربارەی رێكارەكانیان رشاندنی ئاژەڵان بە ماددە قڕكەرەكان.


حەوتەم: بەمەبەستی گەیاندنی زایناری دروست بۆ هاوڵاتیان و پاراستنیان لە تای خوێن بەربون، بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی لەڕێگەی راگەیاندنەكانەوە بەهەڵمەتی جیاواز كار بۆ بڵاوكردنەوەی رێنمایی بكەن.


هەشتەم: جێبەجێ كردنی چالاكییەكانی ڕشاندنی شوێنی گەنەكان بە گوێرەی پلانی ساڵانەی كۆنترۆڵ كردنی نەخۆشییە گوازراوەكان.


نۆیەم: پابەندبونی كارمەندانی تەندروستی بە لەبەركردنی كەرەستەی خۆپارێزی كەسی بە شێوەیەكی زانستی دروست.

91 جار خوێندراوەتەوە