عەباس عراقچی: بەردەوام بونی دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن بێ پاساوە

KNN : Kurdish News Network
03:45 - 14/06/2025
جیهان
+
-

وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت: هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەكەی بە پاڵپشتی راستەوخۆی ئەمەریكایە، بۆیە بەردەوام بونی دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن بێ پاساوە.


هەواڵ: (KNNC)


لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندوە: هەنگاوە دوژمنكارانەكانی رژێمی زایۆنی بەهۆی پاڵپشتی راستەوخۆی ئەمەریكاوەیە، بۆیە بەردەوامی دانوستانی نێوان تارن و واشنتۆن بێ پاساوە.

 

وتیشی: ئێرانیەكان چاوەڕوانی لە هەمو ئەو وڵاتانەی بانگەشەی پشتیوانی لە ئاشتی و دەوڵەتی یاسا دەکەن، سەرزەنشتی تاوانکاریەكانی ئیسرائیل بكەن و بۆ راگرتنی دەستدرێژی و پێشێلكارییەكانیش فشاری پێویست بخەنە سەر تەلئەبیب.

 

وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە یەکێتی ئەوروپا و ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە هەڵوێستی خۆیان لەسەر دەستدرێژیكردنە سەر گەلی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە بخەڕو، هەروەها رێكارەكانی لێپرسینەوە بۆ دەستدرێژکاران بگرنەبەر.


دوای هێرشەكەی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند: هێرشەكانی تەلئەبیب زۆر باشبون، ئەگەر بەرپرسانی ئێران نەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و رێككەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكە نەكەن، شتی خراپتر رودەدات.


بڕیاربو سبەینێ یەكشەممە، ئێران و ئەمەریكا جارێكی دیكە لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەوە دەست بە دانوستانە ناڕاستەوخۆكانیان بكەنەوە.

129 جار خوێندراوەتەوە