ئێران تاوتوێی داخستنی گەروی هورمز دەکات

KNN : Kurdish News Network
05:43 - 14/06/2025
ئابوری
+
-

ئێران تاوتوێی داخستنی گەروی هورمز دەكات و فەرماندەیەكی سوپای پاسدارنیش دەڵێت: هەمو ئەگەرەكان بۆ سزادانی ئیسرائیل لەبەردەمیاندا كراوەیە.


هەواڵ: (KNNC)


ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە زاری جەنەراڵ ئیسماعیل کەوسەری، فەرماندەی سوپای پاسداران  رایگەیاند: وڵاتەكەی تاوتوێی داخستنی گەروی هورمز دەكات و دواتر باشترین بڕیار كەلە بەرژەوەندی تاران بێت لەبارەیەوە دەدات.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، كۆماری ئیسلامی ئێران هەمو رێگایەك بۆ سزادانی ئیسرائیل دەگرێتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش هەمو ئەگەرێك لەبەردەمیاندا كراوەیە و سزای تەلئەبیبی پێدەدەن، یەكێكیش لە رێگەكان هێرشە سەربازییەكانە بۆسەر ئەوم وڵاتە.


ئایا ئێران بڕیای داخستنی گەروی هورمز دەدات؟

 

گەروی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێگاكانی هاتوچۆی كەشتییە نەوتییەکانی جیهان، کەنداوی فارس بە دەریای عەرەبیەوە دەبەستێتەوە، رۆژانە نزیکەی (20) ملیۆن بەرمیل نەوت کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی هەناردەی نەوتی جیهانی، لە گەروی هورمزەوە دەگوازرێتەوە.


ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری داخستنی گەروی هورمز بدات، گورزێكی كوشندە بەر بازاڕەكانی وزە لە جیهاندا دەكەوێت، بەڵام لەراپۆرتێكدا (CNBC) بڵاویكردەوە؛ پەکخستنی تەواوەتی رەوتی نەوتی جیهانی بە داخستنی رێڕەوی ئاوی گەروی هورمز كارێكی قورس نییە، بەڵام رەنگە لەڕوی فیزیکییەوە مەحاڵ بێت.


لای خۆشیەوە، ئیلین واڵد، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاریی ترانسڤێرسال رایگەیاند: هیچ بەرژەوەندییەك لە داخستن و رێگری كردن لە هەناردەی نەوت لە گەروی هورمزەوە نییە، بەتایبەتی كە ژێرخانی نەوتی ئێران بەئامانج نەگیراوە، ئەگەر تاران پەنا بۆ ئەو رێگە ببات، پێدەچێت روداوەكانی دواتر ئاڵۆزتر بكات.


ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، وڵاتی چین كە گەورەترین كڕیاری نەوتی ئێرانەوە، نایەوێت رێڕەوی ئاوی هورمز بەهیچ شێوەیەک پەک بخرێت، هەروەها ویستی بەرزبونەوەی نرخی نەوتیشی نییە، ئەگەر تاران بر لە داخستنی گەروەكە بكاتەوە، پەكین دەسەڵاتی ئابوری خۆی لە دژی ئێران بەکاردەهێنێت.

369 جار خوێندراوەتەوە