سەربازێکی بارمتەی دەستی حەماس پەیامێک بۆ ترەمپ و سەرکردەکانی وڵاتەکەی دەنێرێت

KNN : Kurdish News Network
07:43 - 07/03/2025
جیهان
+
-


ئەمڕۆ هەینی حەماس، گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەربازێکی ئیسرائیلییان بڵاوکردەوە کە لەلایەن ئەو بزوتنەوەیەوە بە دیل گیراوە، تیایدا باس لە  مەحاڵبونی گەڕانەوەی بارمەتەکان دەکات بە هێزی سەربازی و پەیامێکیشی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کردوە.

هەواڵ:KNNC


لە گرتەیەکی ڤیدیۆی دا  کە لیواکانی ئەلقەسام، کە  باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسن، بڵاویان کردوەتەوە سەربازێکی ئیسرائیلی بەناوی مەتان ئینگلیست دەردەکەوێت، کە باس لەوە دەکات لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 لە شوێنی سەربازی نەهال ئۆز دەستگیرکراوە و ماوە 510 ڕۆژە بە دیلی لای حەماسە.

سەربازە دیلەکە پەیامێکی ئاراستەی سوپای ئیسرائیل کردوە و دەڵێت"ئێوە سەرکەوتو نابن لە گەڕاندنەوەی ئێمە بە هێزی سەربازی"، جەختی لەوە کردەوە کە تاکە ڕێگە "ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردن و گواستنەوەیە بۆ قۆناغی دوەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان". بۆ ئەوەی هەموان بە سەلامەتی بڕۆینەوە بۆ ماڵەوە.


هەروەها لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ڕو دەکاتە سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ و داوای لێ دەکات کە ڕۆڵی هەبێت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاماژەی بەوە کردوە کە ترەمپ، دەسەڵاتی هەیە و دەتوانێت کاریگەری لەسەر بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دروست بکات تاوەکو پابەندی ڕێكکەوتنی ئاگربەست بێت، بۆ ئەوەی بتوانن بە زیندوی و سەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە.



سەربازە دیلەکە قسەی بۆ سەرۆک ئەرکان و فەرماندەکانی سوپای وڵاتەکەی کردوە و دەڵێت؛"ئەرکی ئێوە ئەوەیە بە سەلامەتی ئێمە بگەڕێنەوە و  بۆ ئەوەش پێویستە هەمو شتێک بکەن"



ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە مامەڵەی حەماس لەگەڵ سەربازە دیلکراوەکان هەمان مامەڵەی زیندانیانی مەدەنی نییە و خراپترە.

ئەمە لەکاتێكدایە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە کە 42 ڕۆژی خایاند کۆتایی هات، ئیسرائیلیش خۆی لە چونە ناو قۆناغی دوەم کە کۆتاییهێنان بە شەڕەکەی بەدور دەگرێت و هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی شەڕ دەکات ئەگەر حەماس چەک دانەنێن.

1955 جار خوێندراوەتەوە