وەزارەتى پلاندانانى هەرێمى کوردستان
دەستپێکردنى قۆناغى کۆتایی پرۆسەى سەرژمێرى گشتى دانیشتوانى هەرێمى کوردستانى راگەیاند
و داواش لەو هاوڵاتییانە دەکات کە لە قۆناغى دوەم گەڕابونەوە ناوچە دابڕێنراوەکان،
لەم قۆناغەشدا بگەڕێنەوە و بەشدارى پرۆسەکە بکەن.
هەواڵ:KNNC
وەزارەتى پلاندانان لە راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت: ئەمڕۆ قۆناغی کۆتایی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی
دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات کە بۆ ماوەى زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام
دەبێت و بژمێرەکان لەم ماوەیەدا سەردانى گشت خێزانەکان دەکەنەوە بۆ وەرگرتنى
وەڵامى 77 پرسیارەکە.
ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە ئەو پرسیارانەى لە
هاوڵاتییان دەکرێت بارى دیموگرافی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و پەروەردەی و تەندروستی و کار و بێکاری
و نیشتەجێبون و کۆچ و هۆیەکانی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێوون و زانیاری کارتی نیشتمانی
و فۆرمی خۆراک رۆژی لەدایک بون، ژمارەی ئەو
کەسانەی مردون لەنێو خێزاندا و چەند پرسیارێکى دیکەیش دەگرێتەوە.
وەزارەتەکە داوا لە هاوڵاتییان دەکات کە
هاوشێوەى قۆناغەکانى پێشو هاوکارى بژمێرەکان بکەن و پێویستیشە بۆ وەڵامى
پرسیارەکان کەسێکى بەرپرسى خێزانەکە لەماڵ بێت.
لەبارەى ئەو هاوڵاتییانەى لە قۆناغى پێش کۆتایی
لە ناوچەکانى دیکەى هەرێمى کوردستانەوە گەڕانەوە بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان و
ناوچەکانى خۆیان وەزارەتى پلاندانان جەخت دەکاتەوە کە پێویستە لەم قۆناغەش
بگەڕێنەوە بۆئەوەى مافەکانیان نەفەوتێتیت و پرۆسەکەش بەشێوەیەکى دروست کۆتایی بێت.
395 جار خوێندراوەتەوە