حكومەتی هەرێم: بۆ دابینكردنی موچەی مانگەكانی كۆتایی ساڵی (2024) لە هەوڵەكانمان بەردەوامین

KNN : Kurdish News Network
05:12 - 27/11/2024
کوردستان
+
-

بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەگشتی و بەتایبەتی موچەی مانگەکانی (10، 11 و 12)  حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە هەوڵەکانی بەردەوامە.

 

هەواڵ: (KNNC) 


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و لە كۆبونەوەكەدا پرسەكانی موچەی مانگەكانی كۆتایی ساڵی (2024) و پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان و ئاڤاهیان بە سەرکەوتویی لە عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە كرا.

 

حكومەتی هەرێم بڵاویكردوەتەوە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەدا، دارا رەشید وەزیری پلاندانان، راپۆرتێکی دەربارەی بەڕێوەچونی قۆناخی فۆرمی خێزانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان و ئاڤاهیان بە سەرکەوتویی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەکە خستەڕو.

 

سەبارەی بە موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ هەر سێ مانگی (10، 11 و 12)ـی  ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیران جەخت كردوەتەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و هەروەک لە دوا کۆبونەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیش، جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە بابەتی موچە، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت و وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق، موچەی موچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر وەزیفەکانیان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە.

 

ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، وێڕای دەستخۆشی لە دانیشتوانی هەرێم و بە تایبەتیش کوردی ناوچە کوردستانیەکان کە بە پەرۆشەوە و نیشتیمانیانە و دڵسۆزانە، بەشداربون لە سەرکەوتنی سەرژمێریی، لە هەمانکاتدا، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی وەزیری پلاندانان و تیمەکەی و سەرۆکی دەستەی ئامار و بەڕێوەبەری ئامار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و فەرمانبەران و کارمەندانی دەستەکە و سەرجەم ئەو بژمێرانەی کە بەشدار بون لە پرۆسەکە و ڕۆڵی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کرد کە هاوکار بون بە تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش و وەزارەتی پەروەردە لە سەرخستنی پرۆسەکە بەرز نرخاند.

 

 

ئەمەش دەقی راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كوردستانە:

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە تایبەتی موچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12

ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی نۆڤێمبەری 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی دەربارەی بەڕێوەچونی قۆناخی فۆرمی خێزانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان و ئاڤاهیان بە سەرکەوتویی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەکە خستەڕو.
 وەزیری پلاندانان، ئاماژەی بە ڕێکار و هەنگاوەکانی پێشوی حکومەتی هەرێم دا بۆ دڵنیابون لە ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی دروست بۆ دانیشتوان کە تەنیا بە ئامانجی پەرەپێدان بێت و بۆ هیچ مەبەستێکی دیکەی سیاسیی، بەکار نەهێنرێت و بە هیچ جۆرێک، نەبێتە جێگرەوەی ڕێکار و میکانیزمە دەستوریەکان، بە تایبەتیش لە ناوچە کوردستانیەکانی دابڕێنراو لە هەرێمی کوردستان، کە دواجار بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، سەرجەم پێشنیار و تێبینی وسەرنجەکانی حکومەتی هەرێم جێگیرکران.

 

دواتر وەزیری پلاندانان، ئەنجامی سەرەتایی داتاکانی قۆناخی فۆرمی خێزانیی سەرژمێریی گشتی خستەڕو کە بە فەرمی لە لایەن وەزارەتەوە بۆ ڕای گشتیش خرابوە ڕو، کە پێویستە لەمەودوا، ئەو ڕێژەیەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە لای حکومەتی فیدڕاڵ بۆ ژمارەی بەشداریی نوێنەرایەتی کورد لە دامەزراوە دەستوریەکانی فیدڕاڵ و دیاریکردنی بەشە بودجە و موچەی هەرێم، لە سەر ئەم ڕێژە نوێیەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم و سەرەڕای بەشی هەرێم لە پلەی وەزیفی تەرخانکراو و خەرجی و تەرخانکراویی دارایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆش، پێویستە وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی هەرێم، لە ئێستاوە ئامادەسازیی بکەن تا بۆ پڕۆژە و چالاکیيەکانیان بۆ مەبەستی پەرەپێدان، پشت بە داتا و زانیاریە پەسەندکراوەکانی ئەم سەرژمێرییە ببەستن، بۆ ئەوەی بڕیاری زانستییانە و دروست بدرێت.

 

 
وەزیری پلاندانان لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی، ئاماژەی دا بە قۆناخەکانی دیکەی پرۆسەی سەرژمێریی، کە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتو، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ ئەنجام بدرێت و بەتایبەتیش ، بەراوردکردنی زانیاریيەکان (مقاطعة البيانات) لە ناوچە کوردستانیەکان، بەو شێوەیەی هەردو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و فیدڕاڵ بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەسەری ڕێکكەوتون.

 
ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە دانیشتوانی هەرێم و بە تایبەتیش کوردی ناوچە کوردستانیەکان کە بە پەرۆشەوە و نیشتیمانیانە و دڵسۆزانە، بەشداربون لە سەرکەوتنی سەرژمێریی، لە هەمانکاتدا، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی وەزیری پلاندانان و تیمەکەی و سەرۆکی دەستەی ئامار و بەڕێوەبەری ئامار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و فەرمانبەران و کارمەندانی دەستەکە و سەرجەم ئەو بژمێرانەی کە بەشدار بون لە پرۆسەکە و ڕۆڵی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کرد کە هاوکار بون بە تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش و وەزارەتی پەروەردە لە سەرخستنی پرۆسەکە بەرز نرخاند.

 
لە هەمانکاتیشدا ئەنجومەنی وەزیران، نیگەرانی خۆی لە هەژمارنەکردنی سەدان هەزار کەس لە دانیشتوانی سنوری هەرێمی کوردستان لە قەزای شێخان و زلکان و کەڵەکچی و ناحیەی فایدە و بەشێک لە قەزای سێمێل و قەزاکانی بەردەڕەش و خەبات و مەخمور لە سەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوایکرد کە حکومەتی فیدراڵ، ئەو ڕێکارە ڕاست بکاتەوە و ئەو خەڵکانە بخاتەوە شوێنی ڕاستی خۆی کە هەرێمی کوردستانە.

 

 ئەنجومەنی وەزیران سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی نوسراوێک بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ گەیاندنی ئەو پێشنیارانەی کە لە کۆبونەوەکە پەسەند کران، بە ئاراستەی ئەوەی کە لێرە بەدواوە و بۆ ساڵی دارایی 2025 ،ڕێژەی نوێی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، بکرێتە بنەما بۆ دیارکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە گشت شایستە دەستوریەکانی خۆی لە حکومەتی فیدڕاڵ.

 

 بڕگەی دوەم، تایبەت بو بە خستنەڕوی پێشنیارێک لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار تایبەت بە پاژەکردن ( بەقیستکردن)ی ئەو بڕە پارەیەی لە هاوڵاتی زێدەڕۆکار وەردەگیرێت، کە خانوی نیشتەجێیان بە زێدەڕۆیی لە سنوری شارەوانییەکان دروستکردوە بۆ مەبەستی نیشتەجێبون، بە گوێرەی سەرجەم ئەو مەرج وپێداویستیانەی لە یاسای ژمارە 3 ساڵی 2019 ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە 7 ساڵی 2021 هاتوە، کە تەنیا ئەو هاوڵاتییە ئاساییە دەگرێتەوە کە بەهۆی نەبونی شوێنی نیشتەجێبون ، زێدەڕۆییان لەسەر زەوی گشتی کردبو لە چوارچێوەی سنوری شارەوانیەکان.

 

ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پڕۆژە بڕیارەکەی پەسەند کرد، وەک ئاسانکارییەک بۆ ئەو هاوڵاتیيانەی کە یاساکانی ئاماژەپێدراو، دەیانگرێتەوە و توانای داراییان سنوردارە و لە توانایاندا نیە ، کە بڕی پارەی تەملیکی زەویەکە بە یەکجار بدەن.

 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوە و سەبارەت بە بابەتی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ ، جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و هەروەک لە دوا کۆوبونەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیش، جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە بابەتی موچە، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت و وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق، موچەی موچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر وەزیفەکانیان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە.

515 جار خوێندراوەتەوە