سەرکردایەتیی
بزووتنەوەی ئازادی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕاستەوخۆ
نەیەتە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە و خۆی سەرپەرشتی نەکات، مەحاڵە ئەو بڕیارانەی دراون و
پێداویستییەکانی ئەو "یاسای بنەڕەتی"یەی دەردەچێت، جێبەجێ بکرێن. هاوکات
جەخت دەکاتەوە کە بەبێ ڕوونکردنەوەی پێگە و ئازادکردنی ئۆجەلان، هەنگاوەکان
ئاستەنگییان تێدەکەوێت.
لە
ڕاگەیەندراوەکەی سەرکردایەتیی بزووتنەوەکەدا هاتووە، ئەو گفتوگۆیانەی لەبارەی
"یاسای چوارچێوە" یان یاسای بنەڕەتی بۆ چارەسەری پرسی کورد و داهاتووی
تورکیا دەکرێن، جێگەی نیگەرانین ئەگەر بە جدی مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت. ئاماژە
بەوەش کراوە کە ئۆجەلان لە دیداری 20ی تەممووزدا جەختی کردووەتەوە کە نابێت ئەو
یاسایەی دەردەچێت کرچوکاڵ و بەرتەسک بێت، بەڵکو دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی
هەستیارییەکانی هەردوو لا ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە دابڕانی سەد ساڵەی
نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا بهێنێت.
لە بەشێکی
دیکەی بەیاننامەکەدا ڕەخنە لە بەکارهێنانی دەستەواژەکانی "تیرۆر" گیراوە
و هاتووە: "ئاشتی لە زمانەوە دەست پێدەکات. بەکارهێنانی ئەو دەستەواژانە
بەرامبەر ڕێکخراوێک کە کۆتایی بە خەباتی چەکداری هێناوە، هەر لە سەرەتاوە پرۆسەکە
تووشی کێشە دەکات."
هەروەها ئاماژە
بە قسەکانی دەولەت باخچەلی دراوە کە وتبووی دەبێت ئۆجەلان ببێتە هەماهەنگیکاری
ئاشتی و کاری سیاسی، بۆیە داوا دەکرێت پێگەی ئەو وەک دانوستانکاری سەرەکی لە
یاساکەدا جێگیر بکرێت.
لە کۆتایی
ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کورتکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی تەنها لە
"چەکدانان"دا لەگەڵ گیانی پرۆسەکە ناگونجێت، بەڵکو دەبێت یاسای بنەڕەتی
دەروازەیەک بێت بۆ دەرکردنی یاساکانی دیکەی بەدیموکراتیکردن. بزووتنەوەکە
دووپاتیشی کردووەتەوە کە هەڵوێستی کۆتایی خۆیان دوای بینینی ناوەڕۆکی یاساکە
ڕادەگەیەنن و ئەگەر ئەرێنی بێت، بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
132 جار خوێندراوەتەوە