ئەمەریکا: گروپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێران، عێراق پەلکێشى شەڕ دەکەن

KNN : Kurdish News Network
08:33 - 26/11/2024
عێراق
+
-

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە کە گروپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێران، عێراق پەلکێشى شەڕى ناوچەکە دەکەن و لەبارەى دۆخى لوبنانیشەوە دەڵێت: وڵاتەکە هەمو فشار و هەوڵێک لە توانایدا بێت دەیگرێتەبەر، تا بگاتە چارەسەرى دیپلۆماسی.

 

هەواڵ:KNNC

 

ماسیۆ میلەر، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا رایگەیاند؛ ئەمەریکا هەرچى لە توانایداهەیە ئەنجامیدەدات و فشارەکانى بەردەوامە بۆ گەیشتن بە چارەسەرى دیپلۆماسى لە لوبنان، بەڵام گەیشتن بە رێککەوتنێکى لەمجۆرە رەزامەندى هەمو لایەنەکانى پێویستە.

 

هەروەک هۆشدارى لە دۆخى عێراقیشدا لەنێوەندى ئەم شەڕەدا و رایگەیاند؛ چەند جارێک لەبارەى هێرشى گروپە چەکدارەکانەوە لەگەڵ حکومەتى عێراق گفتوگۆیان کردوە، گروپە چەکدارەکانى نزیک ئێران، عێراق دەخەنە بەردەم مەترسیی ناسەقامگیریی و مەترسی ئەوە هەیە عێراق بخرێتە ناو جەنگێکى هەرێمییەوە.

 

ئەوەشى ئاشکرا کرد کە ئەمەریکا عێراقى لەبارەى مەترسیی ئەو گروپە چەکدارانە ئاگادار کردوەتەوە و وتى: ئەو گروپانە جموجوڵ لە دژى بەرژەوەندییەکانى عێراق دەکەن.

 

لەسەرەتاى سەرهەڵدانى گرژییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و شەڕ لەنێوان بزوتنەوەى حەممای و ئیسرائیل، گروپە چەکدارەکانى عێراق وەک پشتگیرییەک بۆ فەڵەستین، هێرشەکانیان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکردوە، بەجۆرێک رۆژانەوە لە عێراقەوە چەندین هێرش بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان بۆسەر ئیسرائیل ئەنجام دەدرێت.

271 جار خوێندراوەتەوە