بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ڕووسیا بە فەرمی هەڕەشەی کردوە کە بنکەی بەرگری موشەکی نوێی ئەمریکا لە ڕێدزیکۆڤی پایتەختی پۆڵەندا بە بەکارهێنانی "چەکی پێشکەوتو" دەکاتە ئامانج.
هەواڵ: KNNC
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند: ئەم بنکەیە لە لیستی ئامانجە لە پێشێنەکانیاندایە و ئەگەر پێویست بکات بە چەکی پێشکەوتو لە ناوی دەبەن.
ئەو هۆشدارییە دوای ئەوە هات کە ڕوسیا ڕایگەیاندبو، کردنەوەی ئەو بنکەیە مەترسییە ئەتۆمییەکان زیاتر دەکات.
لەبەرامبەر هەڕەشەکانی روسیا، دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا ڕایانگەیاندوە بنکەکە، تەنها سروشتی بەرگریی هەیە و مەترسی لەسەر ڕوسیا دروست ناکات.
ئەم بنکەیە کە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری موشەکی ناتۆ کە بە Aegis BMD ناسراوە، بۆ ڕێگریکردن لە موشەکی بالیستیکی مەودای کورت و مامناوەند دروستکراوە.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدا توندتر بون کە مۆسکۆ بە موشەکێکی بالیستیکی کیشوەربڕ، هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و هێرشەكەش وەک وەڵامدانەوەیەک بو بۆ ئەو هێرشەی ئۆكرانیا، كە دوێنێ بەبەكارهێنانی موشەكی دور مەودای (Storm Shadow - سێبەری زریان)ـی بەریتانی كردیە سەر روسیا و سەربازگەیەكی ئەو وڵاتەی بەئامانج گرت.
1443 جار خوێندراوەتەوە