بۆچی هەندێک لە خەڵکی سویسرا زێڕەکانیان لەناو باخچەکانیان دەشارنەوە؟

KNN : Kurdish News Network
05:54 - 15/11/2024
هەمەڕەنگ
+
-

وڵاتی سویسرا یەکێکە لە وڵاتە خۆشگوزەرانەکانی جیهان و خاوەن سیستەمێکی بانکی بەهێزە،   وەبەرهێنەرێکی باشی زێرە و  دانیشتوانەکەی خواستێکی زۆریان بۆ کانزا زەردەکە هەیە.

هەمەڕەنگ: KNNC

 

زێڕ بە سەرمایەیەکی سەلامەت ناسراوە و هێشتنەوەی لە شێوەی سکە یان قاڵبدا جۆرێکە لە بیمەکردن لە بەرامبەر زریانی دارایی ژیان، بەڵام سەیر لەوەدایە بۆ پاراستنی زێر و شاردنەوەی لە ژێر زەویدا دایدەنێن نەک بانکەکان، ئەم ڕێگەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت، ئەمە لەکاتێكدایە وڵاتەکە بە خاوەنی بەهێزترین سیستەمی بیمە،  بانکی و بازرگانی زێڕ ناسراوە.

 

10 تۆن زێریان لە ژێر زەویدا شاردوەتەوە

لە نویترین توێژینەوەدا کە لەلایەن زانکۆی سانت گالێن ئەنجامدراوە، دەرکەوتوە لە باخ و باخچەکانی سویسرا تەنها ڕوەک ، گوڵ و نەمام نانێژرێت، بەڵکو بڕێکی زۆر زێڕیش لەو شوێنانەدا دەشاردرێتەوە، بەپێی خەمڵاندنەکان نزیکەی 10 تۆن  لەم کانزا بەنرخە لە هەموو وڵاتدا لەلایەن هاوڵاتییانەوە لەناو باخچەکاندا شاردراوەتەوە.


توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی زانکۆی سانت گالێن،  گرنگیدانی سویسریەکان بۆ کانزا زەردەکە پشتڕاست دەکاتەوە، سێرجیۆ ڕۆسی، مامۆستای ئابوری لە زانکۆی فریبۆرگ لە سویسرا، دەڵێت ئاساییە خەڵکی حەزیان زیاتر بە زێڕ بێت، لەبەر ئەوەی گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییە جیهانییەکان تەنانەت لای سویسریەکانیش، جێگەی ترس و نیگەرانییە.

 

"بۆ پاراستن و زیادکردنی سەرمایەکەیان زێڕ دەکڕن"


ئەو مامۆستای زانکۆیە ئاماژە بەوە دەکات،  گوشارەکانی هەڵاوسان و  نیگەرانییان لە کەمبونەوەی توانای کڕینی پاشەکەوتی بانکەکان دروستکردوە و  "زێڕ بە وەبەرهێنانێکی سەلامەت ناسراوە کە بەهاکەی لەدەست نادات، بۆیە ئەو کەسانەی توانای داراییان هەیە زێڕ دەکڕن بۆ پاراستن و زیادکردنی سەروەت و سامانەکانیان".

توێژەرانی زانکۆی سانت گالێن توانیویانە بڕی ئەو زێڕەی کە لە دەستی مرۆڤەکاندا لە شێوەی سکە یان قاڵب بخەمڵێنن، ئەنجامی ئەم خەمڵاندنەش جێگەی سەرسوڕمانە، بەگوێرەی وەڵامەکانی ڕاپرسییەک، لەسەدا 22ـی بەشداربوان خاوەنی 100.83 گرام زێڕن، کە بەهای نزیکەی 7500 فرانکی سویسرییە و دەکاتە 8670 دۆلار.

بە جێبەجێکردنی ئەم ئامارە بۆ تەواوی دانیشتوان، مەزەندە دەکرێت نزیکەی 200 تۆن زێڕ بە بەهای نزیکەی 15 ملیار فرانکی سویسری لە دەستی تاکەکاندا بێت.

زێڕەکان لە باخچەکاندا دەشارنەوە

سویسریەکان وەکو چەتەی دەریایی مامەڵە دەکەن کە گەنجینەکانیان دەشارنەوە و ئەنجامی ڕاپرسییەکە دەریدەخات 5%ی خەڵکی سویسرا زێڕەکەیان لەناو باخچەکانیاندا دەشارنەوە.

 بە گشتاندنی دەرئەنجامی ئەم  ئامارانە، مەزەندە دەکرێت کە نزیکەی 10 تۆن زێڕ بە بەهای 750 ملیۆن فرانکی سویسری لە ژێر زەوی وڵاتەکەدا شاردرابێتەوە.


سێرجیۆ ڕۆسی، دەڵێت : "بۆ من کەمێک سەرسوڕهێنەر بو کە هەندێک کەس هێشتا زێڕەکانیان دەشارنەوە"، بەڵام ئەگەر وردبین ئەم بابەتە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بەشێک لە دانیشتوان باوەڕیان بە توانای بانکەکان نییە، ئەمەش شتێکە کە کەرتی بانکی پێویستە گرنگی پێبدات و کار بکات بۆ دڵنیایدان بە هاوڵاتییان تا ئیدی لەمەودوا زێڕەکانیان لە بانک دانێن و لە باخچەکاندا نەیشارنەوە.


381 جار خوێندراوەتەوە