هەرێمى کوردستان لەبەردەم شەپۆلێکى بارانى
بەخوڕ و هەورەبروسکەدایە، شارەزایەکى کەشناسى لەگەڵ ئەوەى هۆشدارى دەدات بە
شوانکار و جوتیارەکان، پێشبینیش دەکات لە هەندێک ناوچە چەند هێندەى پێویستى
پەڵەدان باران ببارێت.
هەواڵ:KNNC
محەمەد کەمال، شارەزاى کەشناسى پێشبینى
کەشوهەواى چەند رۆژى داهاتوى بۆ کەى ئێن ئێن کرد و رایگەیاند؛ لە هەولێر و کەرکوک
و باشورى گەرمیان لە ئێستادا باران بارین دەستى پێکردوە و هەورێکى بەهێز و چالاکیش
بەرەو ناوچەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەیە و پێشبینى دەکەین لە چەند کاتژمێرى
داهاتو کەرکوک و هەولێر و ئیدارەى گەرمیان و سلێمانى هەڵەبجە بگرێتەوە.
وتى: لە سبەینێوە چالاکى دەریاى سور لەگەڵ
کیشوەربڕ دەگاتە هەرێمى کوردستان و شەپۆلى یەک لەدواى یەکى زەبەلاح بە
هەورەبروسکەوە دروست دەبێت و لە سەرجەم ناوچەکانى هەرێمى کوردستان تاوە بارانى
بەهێزە و لافاو لە چەم و دۆڵە نزمەکان و بەرزبونەوەى ئاستى ئاو لە سەنتەرى شارەکان
دەبێت.
ئەوەشى خستەڕو کە چەقى کاریگەریی بەهێزى ئەم
شەپۆلە دەکەوێتە سبەینێ یەکشەممە و هەندێک کاتى رۆژى دوشەممە پێشبینیش دەکات
شەپۆلەکە رۆژى چوارشەممە کۆتایی بێت.
محەمەد کەمال هۆشداریدا و وتى: سبەینێ
جوتیاران بەهیچ شێوەیەک ناوچەى نزم و دۆڵ و چەمەکان بەکارنەهێنن، چونکە ئەگەرى
هاتنى لافاو هەیە و بە ماوەیەکى کەم بارانێکى زۆر دەبارێت، شوانکارەکانیش بە هیچ
شێوەیەک شوێنە بەرزەکان بەکارنەهێنن، چونکە هەورەبروسکەى توند دەبێت و زۆرینەیان
بارگاوین.
لەبارەى پێشبینى بڕى باران بارینیشەوە ئەو
شارەزاى کەشناسییە وتى: بە گشتى پێشبینى نێوان 60 بۆ 70 ملیمەتر باران دەکرێت،
بەڵام لە سلێمانى و کەرکوک و هەولێر چاوەڕێ دەکەین 100 ملیم باران ببارێت بەمەش رێژەکە
لە پەڵە دەردەچێت.
رەونیشیکردەوە کە پەڵە پێویستى بە بارانى
نەرم و بەردەوامە، بەڵام ئەم شەپۆلە ناو بەناوە بۆیە رەنگە نیمچە پەڵە بدات و لە
ناوچە کوێستانییەکانیش ئەگەرى پەڵە هەیە.
560 جار خوێندراوەتەوە