زیاتر لە دوو هەفتەیە رێگە بە کارمەندانى هەژمارى من نادرێت لە شارى سلێمانى کاربکەن، ئەمڕۆش بەشێک لە کارمەندان لەسەر شەقام کاروبارى هاوڵاتییانیان بەڕێکردوە و لەگەڵ چونى تیمى کەى ئێن ئینیش بۆ شوێنەکە دەستیان لە کار هەڵگرتوە.
هەواڵ:KNNC
پەیامنێرى کەى ئێن ئێن لە شارى سلێمانى رایگەیاند؛ چوار لقى هەژمارى من لە بانکەکانى تانجەرۆ و مەڵکەندى و بابان و توى مەلیک لە شارى سلێمانى هەن، ماوەى زیاتر لە دوو هەفتەیە رێگەیان پێنادرێت بچنەسەر کارەکانیان و کارەکانیان راگیراوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە ژمارەیەک کارمەندى تیمى هەژمارى من ئەمڕۆ سێشەممە لەبەردەم بانکى مەڵکەندى لەگەڵ ئەوەى رێگەیان نەدراوە بچنە ناو بانکەکەوە و مامەڵەى هاوڵاتییان بەڕێبکەن، بەڵام مێز و کورسیان لەسەر شەقام داناوە و ویستویانە کارى هاوڵاتییان بکەن.
پەیامنێرى کەى ئێن ئێن وتیشى: ژمارەى ئەو کارمەندانە 10 کارمەند بوە و لەگەڵ بینینى تیمى کەى ئێن ئێن مێز و کورسییەکانیان لابردوە و شوێنەکەیان چۆڵکردوە و ئامادەنەبون هیچ لێدوانێکیش لەوبارەیەوە بدەن.
سلێمانى/ بڕیار نامیق
1825 جار خوێندراوەتەوە