عێراق نیگەرانە؛ ئیسرائیل ئاسمانی وڵاتەکەی بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنەسەر ئێران

KNN : Kurdish News Network
10:24 - 28/10/2024
عێراق
+
-

عێراق یاداشتێکی ناڕەزایەتی پێشکەشی نەتەوەیەکگرتوەکان کردوە و نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە پێشێلکردنی ئاسمانی وڵاتەکە لەلایەن فرۆکەکانی ئیسرائیلەوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق راگەیاند، بە فەرمی یاداشتێکی ناڕەزایەتییان پێشکەشی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان کردوە، سەبارەت بە پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق و بەکارهێنانی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە.

 

عەوادی دەڵێت: عێراق نیگەرانە لەوەی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان ئاسمانی عێراقیان بەکارهێناوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر ئێران کە لە 26ـی ئەم مانگە ئەنجامیدا.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە کردوە نیگەرانییەکانیان بگەیەنێتە ئەمەریکا، سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی ئیسرائیل و داواش لە ئەمەریکا بکات پابەندبێت بە رێککەوتنی ستراتیژی سەبارە بە ئاسایش و سەروەری عێراق.

 

وتەبێژی حکومەتی عێراق راشیگەیاند، وڵاتەکەی بە پەرۆشە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە و رێگریکردن لەهەر پێشێلکارییەک و چارەسەرکردنی کێشەکان لەرێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەشەوە.

499 جار خوێندراوەتەوە