خۆرگیرانیی ئەڵقەیی تەواو رودەدات

KNN : Kurdish News Network
08:05 - 02/10/2024
هەمەڕەنگ
+
-

ئەمشەو لە بەشێكی نیوەگۆی هەسارەی زەوی خۆرگیرانێکی ئەڵقەیی تەواو رودەدات و تا نزیكەی سێ كاتژمێری دیكە بەپێی شوێنە جوگرافییەكە بەردەوام دەبێت.


هەواڵ: (KNNC)


لوقمان حەوێز، ئەندامی كۆمەڵەی گەردونناسانی تێكساس، بڵاویكردوەتەوە؛ ئەمشەو (2024/10/2) لە كاتژمێر (07:70) بەکاتی کوردستان لە بەشێكی نیوەگۆی هەسارەی زەوی خۆرگیرانێکی ئەڵقەیی تەواو رودەدات و تا نزیكەی سێ كاتژمێری دیكە بەپێی شوێنە جوگرافییەكە بەردەوام دەبێت، خۆرگیرانەكە لە بەشی باشوری رۆژهەڵاتی زەریای هێمن و هەردو وڵاتی ئەرجەنتین و چیللی دەبینرێت، بەڵام لە هیچ شوێنێکی باکوری نیوە گۆی هەسارەی زەوی نابینرێت.


رونیكردوەتەوە، لەکاتی ڕودانی خۆرگیرانی ئەڵقەیی تەواودا مانگ بەتەواوی پێش خۆر دەگرێت، بەڵام خۆر بە شێوەی ئەڵقەیەکی روناک بەدەوری  مانگدا دەبینرێت، لەبەر ئەوەی خۆرگیرانەکە لەکاتێکدا رودەدات کە مانگ لە دورترین خاڵیدایە لە خولگەکەیدا بە دەوری هەسارەی زەوی بۆیە مانگ بچوکتر دەردەکەوێت.


ئەندامەكەی كۆمەڵەی گەردونناسانی تێكساس، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، لەو ساتە كە روداوە گەردونییەكە رودەدات، مانگ هەمو دیسکی خۆر داناپۆشێت و بەشێکی خۆر وەکو ئەڵقەیەکی ڕوناک بەدەوری دیسکی مانگ دەردەکەوێت و دەبینرێت. 

415 جار خوێندراوەتەوە