دۆناڵد ترەمپ گاڵتە بە کامالا هاریس دەکات و تۆمەتبارى دەکات بەوەى بە
زیرەکى دەستکرد لایەنگرێکى زۆرى بۆ وێنەیەکى زیادکردوە لەکاتێکدا لە راستیدا هیچ
کەسێک لەوێ نەبوە بۆ پێشوازیکردنى، دەڵێت: دیموکراتەکان ئاوا بەتەمان هەڵبژاردن
ببنەوە، بە گزیکردن؟.
هەواڵ:KNNC
دواى بڵاوبونەوەى وێنەى کامالا هاریس لە فڕۆکەخانە لەکاتى سەردانیکردنى
شارى دیترۆیتى ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدى کۆمارییەکان بۆ پۆستى سەرۆکایەتیی
ئەمەریکا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی تروس نوسى:"ئەرێ کەس هەستى پێنەکردوە کە کامالا
گزى کردوە لەوێنەکەى لە فڕۆکەخانە".
نوسیویەتى:" هیچ کەسێک لە فڕۆکەخانە نەبو، بەڵام هاریس زیرەکى
دەستکردى بەکارهێناوە و جەماوەرێکى زەبەلاحى دروستکردوە کە پێیاندەڵێت لایەنگر،
بەڵام ئەوان بونیان نییە.
ترەمپ ئەوەى ئاشکرا کردوە کە راستییەکان لەلایەن کارمەندێکى فڕۆکەخانەوە
ئاشکرا کراوە چونکە لەکاتى نیشتنەوەى فڕۆکەکەى هاریس لەوێ بوە و هیچ لایەنگرێکى
نەدیوە لەوێبن، دواتر کە ئەم راستییە ئاشکرابو، تەماشاى وێنەدانەوەى فڕۆکەکەیان
کردوە و بینیویانە هەر بەڕاست کەس لەوێ نەبوە.
ترەمپ لە زمانێکى گاڵتەجاڕانەوە نوسیویشیەتى:" ئەمە ئەو ڕێگایەیە کە
دیموکراتەکان بە نیازن هەڵبژاردنەکانى پێ ببەنەوە؟ بە گزیکردن".
دەشڵێت: ئەوەى هاریس کردویەتى دەستوەردانە لە هەڵبژاردن و هەرکەسیش ئەو
فێڵە بکات، فێڵ لە هەمو شتێکى دیکەیش دەکات.
254 جار خوێندراوەتەوە