بەمەبەستی
مەشق پێكردنیان، ژمارەیەك سەربازی روسیا لە ئێران راهێنان لەسەر موشەكی بالیستی
نزیك مەودا لە جۆری (فەتح-306) دەكەن و بڕیاریش وایە دوای كۆتایی هاتنی
مەشقەكانیان ئەو جۆرە چەكە رەوانەی روسیا بكرێت، هاوكات ئەمەریكا هۆشداری لە قوڵبونەوەی هاوكاری
سەربازی نێوان ئێران و روسیا لەجەنگی ئۆكرانیا دەدات.
هەواڵ:
(KNNC)
ئاژانسی
هەواڵی رۆیتەرز لە سەرزاری دو ئەندامی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەوروپاوە
بڵاویكردوەتەوە؛ بۆ بەدەستهێنانی چەكی نزیك مەودای بالستی لە جۆری (فەتح-360) كە
لەلایەن رێكخراوی پیشەسازی فڕۆكەوانی ئێرانییەوە بەرهەم دەهێنرێت و خاوەندارێتی دەكرێت،
بەرپرسانی مۆسكۆ گرێبەستیان لەگەڵ تاران ئەنجام داوە و بۆ ئەوە مەبەستەش ژمارەیەك
سەربازی سوپای سوریا لەسەر بەكارهێنانی لە ئێران مەشقیان پێدەكرێت.
دو
ئەندامەكەی دەزگا هەواڵگرییەكە رەتیان كردوە ناویان بهێندرێت، ئاماژەیان بۆ
ئەوەشكردوە؛ سەرباری ئەوەی زانیاری تەواویان لەسەر ئەو جۆرە چەكە ئێرانییە نییە،
بەڵام پێشبینی دەكەن ئەو جۆرە چەكە لەڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە ئاڕاستە بكرێت و
بڕیاریش وایە دوای گەیشتی چەكەكە، روسیا لە جەنگی دژی ئۆكرانیا بەكاریانبهێنێت.
ئەوەشیان
خستوەتەڕو، بۆ چۆنییەتی بەكارهێنانی سیستەمی موشەكی (فەتح-360) ژمارەیەك سەربازی سوپای
روسیا سەردانی ئێرانیان کردوە كە پێدەچێت موشەكەكە
توانای ئاڕاستە كردنی بەمەودای (120) کیلۆمەتر و هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمی بەکێشی (150)
کیلۆگرام هەیە.
لەو
بارەیەوە، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا رایگەیاند: ویلایەتە
یەكگرتوەكانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ و هاوبەشەکانی لە (گروپی7) ئامادەن
وەڵامێکی خێرا و توندی ئێران بدەنەوە، هەروەك هۆشداری داوە لەوەی هاوبەشی سەربازیی
نێوان روسیا و ئێران لە جەنگی ئۆكرانیا قوڵبێتەوە.
106 جار خوێندراوەتەوە