سەرۆک وەزیرانى عێراق
لەگەڵ ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە پێکهاتەى تورکمانەکان کۆبوەوە و
داواى کرد لەگەڵ هەمو لایەنەکان وەک یەک تیم کار بکەن و لەسەر هەڵبژاردنى پۆستى
پارێزگارى شارەکە رێبکەون.
هەواڵ:KNNC
نوسینگەى راگەیاندنى
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق بڵاویکردەوە؛ ئەمڕۆ ئەندامانى ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەپێکهاتەی تورکمان و سودانى کۆبونەتەوە و
تاوتوێی لێکتێگەیشتنەکانیان کردوە بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێی لە شارەکە.
ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە سودانى جەخت لە گرنگی پێشخستنی
بەرژەوەندی خەڵکی کەرکوک کردوەتەوە لە هەر رێککەوتنێکی نێوان ئەو هێزە سیاسیانەی کە
براوەی هەڵبژاردنەکانن، داواشى کردەوە هەمو لایەنەکان وەک یەک تیم کاربکەن، دوور لە
پەراوێزخستن یان دورخستنەوەی هەر هێزێکی نیشتمانی کۆمەڵایەتی لە کەرکوک.
هەروەک داواى لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا
کردوە، کە بەڕێوبەرایەتی حکومی خۆجێی سەرکەوتو هەڵبژێرن و لەسەر هەڵبژاردنی پۆستی
پارێزگاری کەرکوک رێکبکەون، بەمەبەستی بەدیهێنانی خواستى کەرکوکییەکان و پشتیوانی
خۆی بۆ کارەکانی ئەنجومەنەکە و دابینکردنی هەمو ئەوانە دەربڕیوە کە دەبێتە هۆی
باشترکردنی دۆخی ئابوری و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخان و خزمەتگوزاری تێیدا.
ئەم کۆبونەوەیە لەکاتێکدایە، لە سێ رۆژى رابردودا سودانى لەگەڵ لایەنەکانى کورد و عەرەب و تورکمانەکانى کەرکوک بە جیا لەسەر هەمان پرس کۆبونەوەى ئەنجامداوە.
186 جار خوێندراوەتەوە