سودان کە وڵاتێکی
رۆژهەڵاتی ئەفریقایە، بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپا و هێزە نیمچە سەربازییەکانی
پشتیوانی خێرا کە ماوەی 15 مانگە درێژەی هەیە، روبەڕوی گەورەترین لێشاوی ئاوارەیی
و قەیرانی برسێتیی بوەتەوە لە جیهاندا.
راپۆرت:KNNC
هەرچەندە ژمارەی
ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ بەهۆی کاریگەری شەڕ و پێکدادانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە بە 16 هەزار کەس خەمڵێندراوە، بەڵام
بەهۆی داڕوخانی سیستمی تەندروستیی وڵاتەکە پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوان زۆر لەوە
زیاتر بێت.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان
بڵاویکردەوە، لە نیسانی 2023 و دەستپێکی جەنگ تا ئێستا حەوت ملیۆن و 720 هەزار و
119 کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە ئاوارە و دەربەدەر بون.
ئاماژەی
بەوەشکردوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سودان پەڕیونەتەوە ئەودیو سنور و رویان لە وڵاتانی
دراوسێ کردوە دوو ملیۆن و 196 هەزار و 355 کەسن، لەو ژمارەیەش 55٪یان منداڵی خوار
تەمەن 18 ساڵن.
سندوقی هاوکاری
منداڵانی سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان (یونسێف)، بڵاویکردەوە کە لە سودان پێنج ملیۆن
منداڵ ئاوارەبوون، بەوەیش ولاتێکە زۆرترین منداڵ تیایدا ئاوارە بوە.
رێکخراوی کۆچی
نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان، باسی لەوە کرد کە 36٪ی ئاوارەکان لە خەرتوم
و 20٪ی لە دارفوری باشور و 14٪یان لە دارفوری باکورن.
نوسینگەی هەماهەنگیی
هاوکاری مرۆیی سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان، بڵاویکردەوە کە رەوشی مرۆیی لە سەرانسەری
سودان بەردەوام لە خراپبووندایە و، ژنان و منداڵان و تەواوی خێزانەکان وازیان لە هەموو
شتێک هێناوە و بە ناچاری ئاوارە و دەربەدەر بوون.
راشیگەیاند:
سودان روبەڕوی دۆخێکی ناسەقامگیری ئاسایشی خۆراک بوەتەوە کە لە ماوەی 20 ساڵی
رابردو وێنەی نەبوە.
هاوکات،
تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهان، رایگەیاند لە کۆی پێنج
کەس کەسێکیان لە ئاستێکی بەپەلەدا روبەڕوی ناسەقامگیری ئاسایشی خۆراک بوەتەوە.
وتیشی، 755 هەزار کەس لە ئاستێکی کارەساتباردا ڕوبەڕووی
برسێتیی بوونەتەوە، 25.6 ملیۆن کەس لە ئاستێکى تونددا ڕوبەڕووی برسێتیی بوونەتەوە،
کە ئەوانە خراپترین ئاستی برسێتین لەلایەن پۆلێنکردنی قۆناغی سەلامەتی خۆراکی یەکگرتو
لە سودان تۆمار کراون".
ئیعتیزاز یوسف
بەڕێوەبەری لیژنەی ڕزگارکردنی نێودەوڵەتی لە ڕێکخراوی مرۆیی (IRC) لە سودان، ،
ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانەوە نیوەی وڵاتەکە پێویستی
بە هاوکاری مرۆیی هەیە و سێ ملیۆن کەس روبەڕووی برسێتیی بونەتەوە و رەنگە لە
برساندا گیان لەدەستبدەن.
نوێنەری یونیسێف
لە سودان، ماندیپ ئۆبراین باسی لەوە کرد کە نزیکەی 8.9 ملیۆن منداڵی سودانی بەدەست
ناسەقامگیری ئاسایشی خۆراکی توند و نەخۆشییەوە دەناڵێنن و ملیۆنان منداڵ لە وڵاتەکە روبەڕوی
بەدخۆراکی بونەتەوە و ناشتوانن بچنە قوتابخانە.
144 جار خوێندراوەتەوە