بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکانى هەڵەبجە
ئاشکرایدەکات کە لە بەشێکى شارەوانییەکانیان کاروبارى ئامادەکردنى زەوى
فەرمانبەرانیان لە کۆتایی نزیک بوەتەوە، ئەوەشى ئاشکرا کرد کە ئەو فەرمانبەرانەى
سزادراون وەرگرتنى زەوى نایانگرێتەوە.
هەواڵ:KNNC
خێڵان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى گشتى
شارەوانییەکانى هەڵەبجە بە کەى ئێن ئێنى راگەیاند؛ لە دوا کۆبونەوەیان لەگەڵ
ئەنجومەنى وەزیران و دواى ئەوەى پێیان راگەیەنراوە فەرمانى دابەشکردنى زەوى بەسەر
فەرمانبەراندا دەرکراوە، دەستیان بە رێکارەکانى ئامادەکردنى زەوى کردوە.
وتى: کارى دابەشکردنى زەوى لە شارەوانییەکانى
سیروان و بەمۆ و بیارە کارى ئیفرازکردنیشیان تەواو بوە و تەنها هەندێ کارى
رۆتیناتیان ماوە تا مامەڵەکان رەوانەى تاپۆ بکەن و لە شارەوانى سیروان نزیکەى 300
زەوى ئامادە دەبێت و تا سێ مانگى دیکە زەوییان ئامادە دەبێت بۆ دابەشکردن.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە لە شارەوانییەکانى
دیکەى سنورى پارێزگاکە زەوییان دیاریکردوە و لە هەفتەى داهاتوەوە گشتاندنیان بۆ
دەکرێت.
ئەو بەڕێوەبەر ئەوەشى ئاشکرا کرد کە لە فۆڕمى
دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەراندا مەرجێک هەیە بۆ ئەو فەرمانبەرانەى زەوى
وەردەگرن، هەر فەرمانبەرێک سزاى زیندانى شەش مانگ تا دوو ساڵ یاخود پێبژاردنى
دارایی تا سێ ملیۆن دینارى هەبێت ئەوا ئەگەر فەرمانى وەرگرتنى زەویشى هەبێت لێی
وەردەگیرێتەوە و لەو مافە بێبەش دەکرێت.
2926 جار خوێندراوەتەوە