راکان جبورى خانەنشین دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
08:40 - 11/07/2024
کوردستان
+
-

یاریدەدەرى هونەریی پارێزگاى کەرکوک ئاشکرایکرد؛ راکان سەعید جبورى پارێزگارى کەرکوک بە وەکالەت لە پۆستەکەى خانەنشین دەکرێت و دەسەڵاتى بەڕێوەبردنى پارێزگاکەى پێدەدرێت.

 

هەواڵ:KNNC


عەلى حەمادى بە میدیا عێراقییەکانى راگەیاندوە؛ راکان جبورى لە یەکى تەمموزەوە رەوانەى خانەنشینى کراوە بەهۆى ئەوەى تەمەنى گەیشتوەتە تەمەنى یاسایی بۆ خانەنشینبون، بەپێی یاساش کاروبارى پارێزگاکە بەڕێوەدەبات تا کەسێک بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە دیاریدەکرێت.

 

ئەوەشى ئاشکرا کردوە کە لەئێستادا بۆ کاروبارى خانەنشینبونى جبورى لەگەڵ بەغداد هەماهەنگى دەکەن و چاوەڕێی وەڵامى ئەوانن، لەکاتى نائامادەیی پارێزگاریشدا هەر خۆى (یاریدەدەرى هونەریی پارێزگاى کەرکوک) کاروبارەکان بەڕێوەدەبات.

 

بڕیارە ئەمڕۆ کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بە بەشدارى تەواوى لایەنەکان و محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق بەڕێوەبچێت، کۆبونەوەکە کاتژمێر 1:00ى پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکات و تێیدا هیچ پۆستێک یەکلایی ناکرێتەوە و تەنها شەرعیەت بە ئەنجومەنەکە دەدەرێت.

 

لەبارەى دیاریکردنى کاندیدێکى کورد بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک، حەسەن شێخانى، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە ئەنجومەنى پارێزگاکە بە کەى ئێن ئێنى وت: تا ئێستا لەگەڵ یەکێتى نەگەیشتونەتە هیچ ئەنجامێک و هیچ کاندیدێکیان هەڵنەبژاردوە، لەکاتێکدا بەپێی ئەو کۆبونەوەیەى لە دەباشان کردیان، دەبو کاندیدیان ئامادەبێت.

126 جار خوێندراوەتەوە