خوداوەندێکی مێینەی دێرینی کوردیە، بە زۆری لە
باکوری کوردستاندا ناسراوە، لە ناو خەڵکدا
وا باوە کە شاماران خوداوەندی زانین و پارێزەری نهێنیەکانە، مێژوەکەی نازانرێت، بەڵام
ئەم خوداوەندە پێش هاتنی ئاینەکانی کریستیان و ئیسلام لە ناو خەڵکدا ناسراو بوە، پاشماوەی
سەردەمانێکە کە کورد بڕوای بە چەندین خوداوەندی جیاواز و فریشتە هەبوە.
راپۆرت:KNNC
شاماران سەرەکەی سەری ئافرەتێکی جوانە و قاچەکانی
و کلکی مارن، پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوە کە ژنان هەمو شتێکیان خوڵقاندوە و بناغەی
دانایی ژنان دایانناوە.
چەند گێڕانەوەیەکی میتۆلۆجی جیاواز هەیە لەمەڕ
شاماران، باوترینیان بەمجۆرەیە:
رۆژێک کوڕێک لەگەل دایکی و هاورێکانی دەچنە دەرەوەی
شار کوڕەکە ناوی تامەسپ دەبێت.
کوڕی خێزانێکی هەژار دەبێت و کاری داربڕینەوە دەکات، لەو گەشتەیاندا
بیرێک دەبینن کە مێشهەنگێکی زۆری بەدەورەوە دەبێت هاورێکانی رازی دەکەن کە بچێتە
ناو بیرەکەوە بۆ ئەوەی کە هەنگوینیان بۆ بینێت؛ تامەسپ دەچێتە ناو بیرەکەوە و سەتلیان
بۆ پڕ دەکات لە هەنگوین و بە پەت رایدەکێشن.
کاتێ دەبینن هەنگوینەکە زۆرە پەتەکە دەبڕن و
تامەسپ لە ناو بیرکەدا عاسی دەبێت، کاتێک دەزانێ کە هاورێکانی هەڵیانخەڵەتاندوە و
ناپاکیان بەرامبەر کردوە و لە هاتنە دەرەوە بێ هیوا دەبێت، کونێک لە دیواری بیرەکەدا
دەدۆزێتەوە و بە چەقۆکەی کونەکە گەورە دەکات و لەو کونەوە دەچێتە شارێکەوە؛ شاری
شامارانە، کاتێ شاژن دەزانێت کەسێکی نامۆ کەوتۆتە ناو شارەکەیانەوە ناڕەحەت دەبێت
و بە پاسەوانەکانی دەڵێت:“ ئەو کەسە یەکسەر بگرن و بیهێننە لای“. ئەویش کاتێک دەزانێت
کە دەیانەوێ بیگرن و گومانی لەو دەبێ دەبێت کە ئەگەری کوشتنی هەیە، زۆر هەوڵ دەدات
خۆی نەدا بە دەستەوە و داوای ئەوە دەکات کە لێی ببورن.
کە شاماران تێدەگات نیازی ئەو کوڕە خراپ نییە و
لەلایەن هاورێیکانیەوە خەڵەتێنراوە، پێی دەڵێت: “ مردنت بە دەست منە، بەڵام وێرای
ئەوەش ناتکوژم. لە کۆشکەکەی من دا دەمێنیتەوە“. کوڕەکە چەند ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە و
پاشان بیری دایکی دەکات و داوا دەکات کە بگەڕێتەوە ماڵ. شاماران سەرەتا نایەوێت رەوانەی
بکاتەوە و پێی دەڵێت “ باشە بچۆ. بەڵام ئەو پیاوەی کە دەیەوێ من بکوژێت داوای
ئاشکراکردنی جێگەکەی من لە تۆ دەکات، دەبێ تۆ جێی منی بۆ ئاشكرا نەکەیت. لەبەردەم
خەڵکی تردا خۆت نەشۆی، بە بەرکەوتنی ئاو پێستەکەت وەک مار کاژ هەڵدەدات و خەڵک پێت
دەزانن کە لەگەڵ من بویت“. کوڕەکە بەڵێن دەدات کە هۆشیار بێت و ماڵئاوایی دەکات.
پاشان سوار پشتی مارێک دەبێت و خۆی لە ماڵەکەی خۆیان دا دەبینێتەوە. کە تامەسپ دەگەڕێتەوە
بۆ ناو خەڵکەکەی خۆی بۆ چەندین ساڵ ئەو نهێنیە لە خەڵک دەشارێتەوە. رۆژێک پادشای
شار توشی نەخۆشیەکی کوشندە دەبێت، هیچ پزیشک و حەکیمێک ناتوانێ چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە.
وەزیرێکی پادشا کەسێکی پیاو خراپە، دەڵێت: تەنها
چارەسەر خواردنی گۆشتی شامارانە هەر بۆیە وەزیر فەرمان دەدات بە هەموان کە بچنە
ناو حەوزی ئاوەوە بۆ ئەوەی بزانرێت کێ شوێنی شاماران دەزانێت. وەزیر لەم هەوڵەی مەبەستی
لەوە نییە خزمەتی پادشا بکات، بەڵکو بەهۆی خواردنی شامارانەوە دەخوازێت هەمو نهێنی
و زانینی جیهانی دەستبکەوێت، سەرەتا تامەسپ نایەوێت کە بچێتە ناو حەوزەکەوە بۆ ئەوەی
کە بتوانێت نهێنیەکەی شاماران بپارێزێت، بەڵام چارەی نامێنێت و سەربازەکان هەڵیدەدەنە
ناو ئاوەکە و پێستی تامەسپ دەبێت بە کاژی مار و دەستبەجێ نهێنیەکەی ئاشکرا دەبێت.سەربازەکان
دەستگیری دەکەن و ئەشکەنجەی دەدەن بۆ ئەوەی شوێنی شاماران ئاشکرا بکات.
تامەسپ نایەوێت نهێنیەکانیان پێ بڵێت، بەڵام لە کۆتاییدا ناچاردەکرێت
کە شوێنەکە ئاشکرا بکات، پاسەوانەکانی پادشا دەچن بۆ ناو بیرەکە و شاماران لەوێ دەگرن.
کاتێک کە تامەسپ شاماران دەبینێت، هەست بە شەرمەزاریەکی زۆر دەکات، بەڵام شاماران
پێی دەڵێت کە لۆمەی خۆی نەکات و هەڵەی ئەو نەبوە.
شاماران پیلانێک دادەڕێژێت بۆ ئەوەی کە نهێنی و
زاناییەکەی بدات بە تامەسپ هەربۆیە لە کۆشکی پادشادا رایدەگەیەنێت “هەرکەس کلکم
بخوات ئەوا هەمو نهێنی و زاناییەک وەردەگرێت و ئەوەی کە لەشم بخوات چاکدەبێتەوە و
ئەوەی سەرم بخوات دەستبەجێ دەمرێت. دوای ئەوەی کە وەزیر ئەوەی گوێ لیدەبێت،
شاماران دەکاتە سێ بەشەوە وەزیرەکە کلکی دەخوات، تامەسپ کە خۆی بە تاوانبار دەزانێت
بەرامبەر بەشاماران و دەیەوێت بمرێت، لە سەرەکەی دەخوات و پادشاش بۆ چاکبونەوە لە
لەشەکەی دەخوات.
بەپێی پیلانەکەی شاماران وەزیر دەمرێت، پادشا
چاک دەبێتەوە و تامەسپ زانایی و نهێنیەکانی شاماران وەردەگرێت“ تامەسپ بۆ ئەوەی کە
ئەو زانستەش بگوازێتەوە بۆ دوای خۆی لە بەردەم روباری دیجلە دادەنیشێت و دەست بە
نوسین دەکات؛ کاتێک نوسینی خۆی تەواو دەکات بایەکی زۆر بەهێز هەڵی کردووە و هەمو
کاغەزەکانی بردوە و کەوتوەتە ناو ئاوەوە، تاکە کاغەزێکی لە دەستی دا ماوەتەوە ئەو
زانستەیە کە بۆ رۆژی ئەمرۆ گوازراوەتەوە.
ئامادەکردنى/ شەنیار عەبدولڕەحمان
187 جار خوێندراوەتەوە