هونەرمەندێکی خۆشنوس مزگەوتەکانی شاری سلێمانی دەڕازێنێتەوە

KNN : Kurdish News Network
12:18 - 05/06/2024
گەلەری
+
-

لە سەردەمانی کۆندا ڕازاندنەوەی ناو مزگەوتەکان بە جۆرەها ئایەتی قورئانی پیرۆز کە بە خەتی جوان نووسرابوون دیمەنێکی ناوازەیان بە مزگەوتەکە دەبەخشی.

 

گەلەری:KNNC

 

هونەری خۆشنوسی کە بەشێکی دانەبڕاوی جیهانی ئیسلامییە و موسڵمانان لە دێرزەمانەوە لە نوسینەوەی قورئانی پیرۆز و نەخشاندن و ڕازاندنەوەی ناو مزگەوتەکان بەکاریدەهێنن، لە ئێستادا پشگوێ خراوە و خەریکە لەبیر دەکرێت.

 

ئەو هونەرمەندانەی لە کۆندا لەم بوارە کاریان کردوە تا ئەمڕۆش جێ دەستیان دیارە و تابلۆکانیان لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان دوبارە دەکرێنەوە و بە زیندویی دەهێڵدرێتەوە.

 

لە هەرێمی کوردستان کەمن ئەو هونەرمەندانەی هەوڵ بۆ زیندوکردنەوەی ئەم هونەرە ڕەسەنەی ئیسلام دەدەن و، دەیانەوێت ئەو سیما جوانە بۆ مزگەوتەکان بگێڕنەوە.

 

هونەرمەندی خۆشنوس و نەخشەسازی زەخرەفە، نەهرۆ قادر ڕەشید کە لەدایکبوی شاری سلێمانیە، وەک خۆی باسی دەکات ماوەی 30 ساڵە خەریکی بواری هونەری خۆشنوسی و نەخشەسازی زەخرەفەیە و، هەمو هەوڵێکی بۆ زیندوکردنەوەی ئەم هونەرە لەبیرکراوەیە.

 

هونەرمەند نەهرۆ دوای ساڵانێکی زۆر لە دیراسەکردنی ئەم هونەرە، ماوەی چەند ساڵێکە دەستی بە جێبەجێکردن و ڕازاندنەوەی مزگەوتەکانی شاری سلێمانی کردوە.

188 جار خوێندراوەتەوە