لیژنەی دارایی پەرلەمانی
عێراق داوایکردوە کۆبونەوەی بەپەلەی سەرکردە سیاسییەکان بکرێت بۆ دابەزاندنی
بەهای دۆلار و ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت: پێویستە هەوڵەکان بۆ دابەزینەوەی
بەهای دۆلار چڕ بکرێنەوە.
هەواڵ:KNNC
لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی
سەباح، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت:
پێوستە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان بە ئامادەبونی شارەزایانی
ئابوری کۆببنەوە و رێگە چارەیەک بدۆزنەوە بۆ بەرزکردنەوەى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار.
لەبارەی هۆکاری بەرزبونەوەی
بەهای دۆلار ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: خەرجنەکردنی بودجە و بەدەستنەهێنانی دۆلاری
پێویست لەلایەن بازرگان، وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکان، لەو هۆکارانەن
بونەتە هۆی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.
هەرچەندە بانکی
ناوەندی عێراقی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا چەندین رێکاری گرتوەتەبەر
بۆ دابەزینی بەهای دۆلار، بەڵام هیچکام لە رێکارەکان نەیانتوانیوە بەهای دۆلار
بگەڕێنێتەوە بۆ بەهای فەرمی یان نزیک لە بەهای فەرمی.
674 جار خوێندراوەتەوە