لە بەرزبونەوەى نرخى وزەدا... ئەوروپییەکان چۆن روبەڕوى ئەو قەیرانە دەبنەوە؟

KNN : Kurdish News Network
03:12 - 14/09/2022
ئابوری
+
-

وڵاتانی ئەوروپا رێوشوێنی جۆراوجۆر دەگرنەبەر وەک سنووردارکردنی نرخی وزە، کەمکردنەوەی باج، یارمەتیدانی خەڵکی کەمدەرامەت، هەروەها دابەزاندنی پلەی گەرمی باڵەخانە گشتییەکان و چەندین رێوشوێنى دیکەى خێرا.

وەستاندنى دابینکردنی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا لەلایەن ڕوسیاوە دوای ئەو سزا ئابووریانەی کە بەهۆی شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە سەپێندرابوون بەسەر مۆسکۆدا، قەیرانێکی وزەی بێ وێنەی لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا بەدوای خۆیدا هێنا.

لەئێستادا نرخی غازی سروشتی لە بازاڕەکانی ئەوروپادا بۆ زیاتر لە دە هێندە بەرزبونەوەى بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستى مێژویى، ئەم بەرزبونەوەیەش بووەتە هۆى بەرزبونەوەى نرخی کارەبای بە شێوەیەکی بەرچاو و چاوەڕواننەکراو.

ئەم قەیرانە بەوەوە نەوەستاوە و تێکڕاى فرۆشى نرخى کارەبا  لە بازارەکانى وڵاتانى ئەوروپا هەشت ئەوەندەى پێش جەنگى ئۆکرانیا بەرز بووەتەوە.

یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی جۆراوجۆر بۆ پاراستنی بەکاربەران لە بەرزبوونەوەی خێرای نرخەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی دابینکردنی وزە.


ئەو رێوشوێنانە چین کە یەکێتى ئەوروپا گرتویەتییەبەر؟


یەکێتی ئەوروپا پلانێکی فریاگوزاری ئامادە کردووە لە ئەگەری پچڕانی تەواوەتى گازی سروشتی لە ڕوسیا.

لە چوارچێوەی پلانەکەدا، پێویستە هەموو وڵاتانی ئەندام بەکارهێنانی غاز بە ڕێژەی 15% کەم بکەنەوە، واتە کەمتر غاز بەکاربهێنن، کە ساڵانە نزیکەی 45 ملیار مەتر سێجا لە سەرانسەری یەکێتییەکەدا بەکاردەهێنرێت.

هەروەها یەکێتی ئەوروپا رێساو یاسایی ئامادە کردووە بۆ پابەندبوون بە پڕکردنەوەی تانکییەکانی غازی سروشتی ژێر زەوی بۆ وڵاتانی ئەندام تا تەواوبونى وەرزی زستان بەڕێژەى 80%.

دوای ئەوەی روسیا بۆ ماوەیەکی نادیار رۆیشتنی گازی سروشتی لە رێگەی بۆریی نۆرد ستریمەوە بۆ ئەوروپا بڕی، وەزیرانی وزەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوە بۆ دیاریکردنی رێوشوێنی نوێ دژی بەرزبوونەوەی نرخەکان.

وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەستبەجێ ئەرکێکیان بە کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دا بۆ ئامادەکردنی یاسایەک کە بریتییە لە سنووردارکردنی داهاتی بەرهەمهێنەرانی کارەبای کەم تێچوون، سوود وەرگرتن لە کۆمپانیاکانی سووتەمەنی بەردینی، سەپاندنی نرخی دیاریکراو لەسەر غازی سروشتی، کەمکردنەوەی خواست لەسەر کارەبا و دابینکردنی نەختینە بۆ کۆمپانیاکانی وزە.

بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتودا وردەکارییەکانی ئەم پێشنیازە بە فەرمی ڕابگەیەنرێت.


ڕێوشوێنەکانی ئەڵمانیا

لە ئەڵمانیا، حکومەت سێ پاکێجی جیاوازی هاوکاری ئامادەکرد بە بەهای 125 ملیار یۆرۆ (126.6 ملیار دۆلار)، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی رەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لەسەر هاوڵاتیان.

باجی سووتەمەنی کەمکرایەوە، هەروەها بلیتی گواستنەوەی گشتی بێسنوور بە بڕی ٩ یۆرۆ بۆ مانگێک تا مانگی ئەیلول کارا کرا.

وڵاتەکە پلەی گەرمی بۆ بینا گشتییەکان سنووردار کرد بۆ زۆرترین 19 پلەی سەدی و بڕیاریدا ڕووناکی بینا و شوێنەوارە گشتیەکان و هەروەها تابلۆی بازرگانی بکوژێنێتەوە.

سیستەمی گەرمکەرەوەی مەلەوانگەکان قەدەغەیە.

بەشێک لە کارگەکانی خەڵوز کە لە ماوەی ڕابردوودا پلانی داخستنی درابوو، خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەو وڵاتە بڕیاریدا دوو وێستگەی ئەتۆمی بهێڵێتەوە، کە پێشتر بڕیار بوو دابخرێن.

وڵاتەکە بڕیاریدا نرخەکان بۆ بەکارهێنانی کارەبای بنەڕەتی بە بەردەوامی بمێننەوە و پارەی یەکجارەکی بە بڕی 300 یۆرۆ بدات بە خانەنشینان و 200 یۆرۆ بۆ خوێندکاران و فێرخوازان بۆ یارمەتیدانیان لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی پارەی وزە.

پشتگیری زیاتر بە بڕی 300 یۆرۆ بە کارمەندان و 100 یۆرۆ بۆ هەر منداڵێک بۆ خێزانەکان درا.

داوا لە هاوڵاتیان کرا وزە پاشەکەوت بکەن.

بڕیار دراوە پاڵپشتی زیاتر بۆ خەرجییەکانی گەرمکردنەوە پێشکەش بکرێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە یارمەتی خانووبەرە وەردەگرن لە سەرانسەری وڵاتدا.


حکومەت رایگەیاندووە کە بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی کارەبا بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن پارەی بەکارهێنانەکەى بدەن.

هەروەها دەوڵەت باج لەسەر قازانجی زۆر چاوەڕواننەکراوی کۆمپانیاکانی وزە دەدات.

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو وڵاتە ڕێوشوێنی هاوکاریی زیاتر رابگەیەنێت.


رێوشوێنەکانی فەرەنسا

فەرەنسا بڕیاریدا نرخی غازی سروشتی وەک ئاستی ئۆکتۆبەری 2021 لێبکات و نرخی کارەبا ش تا کۆتایى ئەمساڵ بەڕێژەى 4% بەرز بکاتەوە

ماڵە پێویستەکان پشتگیری پارەدانی وزەیان بە بڕی 100 یۆرۆ دابین کراوە.

بەرنامەیەکی پاشەکەوتکردن ئامادەکرا بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە بە ڕێژەی 10%.

ئاستی گەرمکردنەوە و ساردکردنەوە لە بینا گشتییەکاندا سنووردار بوو لانیکەم 26 پلە بۆ تەندروستی و زۆرترین 19 پلە بۆ گەرمکەرەوە.

پێویستە دوکانەکان لە کاتژمێر 01.00 بەیانی تا 06.00 بەیانی گڵۆپى سەر پەنجەرەکانیان بکوژێننەوە.

حکومەت یارمەتی سووتەمەنی بۆ کەسانی کەمدەرامەت دابین کردووە.


رێوشوێنەکانی بەریتانیا


بەریتانیا 400 پاوەند (467 دۆلار) پشتگیری بۆ پارەی وزە بۆ ئەو ماڵانەی کە داهاتیان کەمە پێشکەش دەکات.

650 پاوەندی دیکەش بەو کەسە هەژارانە درا کە یارمەتی گشتییان وەرگرتبوو، هەروەها بەشدارییەکی دیکە بە بڕی 300 یۆرۆ بۆ خانەنشینان درا.

پلانی نوێی وێستگەی ئەتۆمی پەسەندکرا، هەروەها ڕاگەیەندراوە کە پشتگیری لە کارەکانی گازی شل دەکرێت.

ماوەی کارکردنی بەشێک لە وێستگەکانی کارەبای خەڵوز درێژکرایەوە.

وڵاتەکە بڕیاریدا کۆی گشتی پارەی وزەی ساڵانەی ماڵان بۆ ماوەی دوو ساڵ بە بەردەوامی بهێڵێتەوە کە زۆرترین پارەی ساڵانە 2500 پاوەندە.

ماڵەکان یارمەتی زیادە بە بڕی 400 پاوەند وەردەگرن بۆ پارەی وزە.

مۆڵەتی کارپێکردنی کێڵگە نوێیەکانی غاز و نەوت لە دەریای باکوور دەدرێت.


رێوشوێنەکانی ئیتالیا

باجی سووتەمەنی کەمکرایەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرزبوونەوەی خێرای تێچونەکان.

پشتگیری لە پارەی وزەی ئەو کەسانە کرا کە داهاتیان کەمە و 200 یۆرۆش درا بە کەسانی کەمدەرامەت.

یارمەتییەکان بۆ وەبەرهێنانی وزەی خۆر دابینکرا.

427 جار خوێندراوەتەوە