بەرزبونەوەى نرخى وزە و کەمبونەوەى هاوردەى
نەوت و گازى سروشتى روسیا، حکومەتى بەرلین ناچار دەکات کۆمەڵێک رێوشوێنى پابەندکەر
بۆ کەمکردنەوەى بەکارهێنانى وزە لەسەرانسەرى وڵات رابگەیەنێت، دیارترین
رێوشوێنەکان کوژرانەوەى روناکییەکان و خۆشۆردنە بە ئاوى سارد لە زستانێکى سەختدا.
کەناڵى (DW)ى
ئەڵمانى لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، دواى ئەوەى نرخی بەنزین و
گواستنەوەی گشتی لە مانگى رابردودا بەردەوامبو لە بەرزبونەوە و یارمەتییەکانى
حکومەت کەمى کرد، ئەمە وایکرد نرخی غازی سروشتی کە نیوەی هەموو ماڵەکان بۆ گەرمکردنەوە
بەکاریدەهێنن زۆر زیاتر بەرز ببێتەوە، ئەوە جگە لە بەرزبونەوەى نرخی خۆراک بەهۆی بەرزبونەوەى
رێژەى هەڵاوسان، هەموو ئەمانە حکومەتى ناچارکرد بە گرتنەبەرى کۆمەڵێک رێوشوێنى
توند و بێزارکەر و خێرا.
بەپێى رێوشوێنەکانى حکومەتى ئەڵمانیا کە لەمڕۆوە
خراونەتە حاڵەتى جێبەجێکردنەوە، لەوەوە دەستپێدەکات کە حکومەت هەوڵدەدات هانی بەکارهێنەران
و بازرگانەکان بدات بۆ پاشەکەوتکردنی وزە بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن بۆ رێگریکردن
لە کەمیی لە مانگەکانی زستاندا لە کاتێکدا روسیا بەردەوامە لە کەمکردنەوەی رۆیشتنی
غازی سروشتی بۆ ئەڵمانیا.
میدیا ئەلمانییەکە ئەوەى خستۆتەڕو کە بڕیارەکەى حکومەتى
بەرلین، پاشەکەوتکردنی وزەیە بۆ ماوەی شەش مانگ، ئەمەش چەند لێکەوتەیەک بەدواى
خۆیدا دەهێنێت کە ئەمانەن:
یەکەم- رەنگە فرۆشگاکانی تاکەکەسی چیتر دەرگاکانیان بە درێژایی ڕۆژ
بە کراوەیی نەهێڵنەوە، ئەمەش بۆ دوو هۆکار کە خۆى دەبینێتەوە لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی
کارەبا بۆ داخستن و کرانەوەى دەرگاکان و هەروەها ساردبونەوەى ناوەوەى دوکانەکان کە
دوبارە پێویست دەکات بۆ گەرمکردنەوە وزە بەکاربهێنرێتەوە بەتایبەت لە رۆژە
سەختەکانى زستاندا.
دووەم- ریکلامە روناککراوەکان لەسەر شەقام و شوێنە
گشتییەکان دەبێت لە دوای کاتژمێر 10ی شەو بکوژێنرێنەوە، جگە لەو ریکلامانەى خزمەت
بەسەلامەتى هاتوچۆ دەکەن، هەروەها چرای شەقامەکان بە داگیرساوی دەمێننەوە و ڕەنگە
پەنجەرەی فرۆشگاکان بەردەوام ڕووناک نەبن.
سێیەم- شەوانە چیتر بیناوباڵەخانە بەرزەکان بە روناکى تا
بەیانى بەردەوام نابن، بەڵام روناکی فریاگوزاری ناکوژێتەوە، هەروەها ڕووناکی بۆ بۆنە
ڕۆشنبیرییەکان و فێستیڤاڵە گشتیەکان ڕێگەپێدراوە.
چوارەم- لە باڵەخانە گشتییەکاندا، هۆڵ و کۆریدۆرەکان بەگشتی
چیتر گەرم ناکرێتەوە، هەروەها پلەی گەرمی لە فەرمانگەکاندا سنووردار دەکرێت بۆ 19
پلەى سیلیزى. لەو شوێنانەی کە کاری فیزیکی قورسیان تێدا ئەنجام دەدرێت، لە
داهاتوودا پلەکانی گەرما هێندەی تر نزمتر دەبنەوە. بەڵام بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی
ئابوری، ئەو سنووردارکردنانە ئەو دامەزراوە کۆمەڵایەتییانە ناگرێتەوە وەک نەخۆشخانەکان،
سەنتەری منداڵان و قوتابخانەکان، کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەوا بۆ "تەندروستی
ئەو کەسانەی کە کاتەکانیان لەوێ بەسەر دەبەن" پێویستە.
پێنجەم- کەمکردنەوەی ئاوی گەرم، بە هەمان شێوە لە بینا
گشتییەکاندا، پێویستە ئاو گەرمکەرەوەی ئۆتۆماتیکى یان تانکی ئاوی گەرم بکوژێنرێتەوە
ئەگەر بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ دەستشۆردن بەکاربهێنرێت. جگە لە دامەزراوە پزیشکییەکان،
قوتابخانەکان و ناوەندەکانی چاودێری ڕۆژانە. هەندێک لە شارەکان لەوەش زیاتر دەبێت
رێوشوێنەکان رەچاو بکەن. لەوێ دووشەکانی ناو مەلەوانگە و هۆڵە وەرزشییەکان بە بێ گەرمکردنەوە
دەمێننەوە، بە کوردییەکەى خۆمان دەبێت بە ئاوى سارد خۆیان بشۆن.
شەشەم- چیتر مەلەوانگە تایبەتەکان بە غاز و کارەبا گەرم
ناکرێنەوە، جگە لە شوێنەکانى کات بەسەربردن و هۆتێلەکان.
ئەو شەش رێسا و بڕیارە پابەندکەرە لەمڕۆوە دەچێتە بوارى
جێبەجێکردنەوە و تا کۆتایی مانگی شوبات کاریان پێدەکرێت.
کۆمەڵەى دووەمى رێساو بڕیارەکان لە مانگى ئۆکتۆبەرەوە
دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە بۆ ماوەى دوو ساڵ بەردەوام دەبێت کە کۆمەڵێک رێساى
پابەندکەرى درێژخایەنن، بۆ نموونە هەموو خاوەن بیناکان کە سیستەمی گەرمکەرەوەی غازیان
هەیە، دەبێت پشکنینی کارایی گەرمکردنەوەیان بۆ بکرێت.
لە پاشخانی کەمی غاز کە بەهۆی کەمی دابینکردنی غازی ڕوسیاوە
دروست بووە، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پابەندبوون بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی غاز بە
ڕێژەی 15%. لە ئەڵمانیا ئامانجی کەمکردنەوەکە بە ڕێژەی لەسەدا 20 دانراوە.
دروستبونى شەڕ لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا، بەزوى شوێنپاى ئابورى لەسەر
وڵاتانى جیهان دەرکەوت، بەتایبەت وڵاتانى ئەوروپا کە پشتیان بە وزە و غازى روسیا
بەستووە و لە جەنگەکەشدا نەیارى مۆسکۆن.
کەمبونەوەى رۆشتنى غازى روسیا بۆ وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا و بەریتانیا، واى
کردووە جگە لە قەیرانى وزە بەڵکو رێژەى هەڵاوسان و نرخى شتومەک و کاڵاکانیش بەرز
ببێتەوە.
ناوەندی "ریڤۆلیوشن فاوندەیشن" لە
نوێترین لێکۆڵێنەوەیدا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئابووریی بەریتانیا،
پێشبینى کردووە، تا کۆتایی ئەمساڵ توانای خەرجکردنی خێزانەکان بە تێکڕا 3 هەزار
پاوەند (3470 دۆلار) کەمبکرێتەوە.
دامەزراوەکە کە کار لەسەر باشتركردنی ئاستی ژیان بۆ
ئەو كەسانە دەکات كە داهاتیان كەم تا مامناوەندە، پێشبینی کردووە، داهاتی
خێزانەکان لە بەریتانیا لە ماوەى ئەمساڵ و ساڵى ئایندە بەڕێژەى (10%) کەم ببێتەوە.
ئامادەکردنى؛ وریا فەتاح
589 جار خوێندراوەتەوە