وەزیرەکەى سەدر کێیە؟

KNN : Kurdish News Network
06:41 - 20/08/2022
ڕاپۆرت
+
-

ساڵح محەمەد عێراقی ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر ناوێک بەهۆی  لێدوانەکانی و گەیاندنی پەیامەکانی موقتەدا سەدر، توانیویەتی ناوبانگی فراوان بەدەستبهێنێت، هیچ وێنەیەکی بەردەست نییە و تەنها لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانییەوە لە فەیسبووک و تویتەر بەیاننامە و هەڵوێستەکانی سەدر بڵاودەکاتەوە.

ساڵح محەمەد عێراقی ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر ناوێکی خوازراوە، تەنانەت ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سەدر و کەسە نزیکەکانی سەدریش نازانن کێیە، بەڵام ئەم ناوە خوازراوە شارەزایەکی زۆری لە زمانی عەرەبیدا هەیە، تەکنیکێکی بەهێزی سیاسی لە گەیاندنی پەیامەکانی سەدر بە لایەنگران و نەیارەکانیشی هەیە.

بەها ئەعرەجی، كەسایەتی جیابووەوە لە سەدر باس لە کەسایەتی وەزیرەکەی سەدر دەکات و دەڵێت، ساڵح محمەد عێراقی ناوێکی وەهمییە، ئەو هەژمارەشی کە بەو ناوەوە دانراوە لەلایەن چوار کەسەوە بەڕێوەدەبرێت، دوو کەسیان لە بەغدا و دووانیش لە نەجەف.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، کەسێک نیە بەناوی  ساڵح محەمەد عێراقیەوە، بەڵکو ئەوە خودی موقتەدا سەدرە ئەو هەژمارانە بەڕێوەدەبات، بەڵام نایەوێت ڕاستەوخۆ بەناوی خۆیەوە ئەو جۆرە پەیامانە بڵاوبکاتەوە و ئەو ناوە خوازراوە بەکاردەهێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی هەڵوێستەکانی.

وەزیرەکەی سەدر، ئەگەر ناوێکی خوازراو، یان خودی موقتەدا سەدریش بێت، هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زۆرترین چاویان لەسەرە، چونکە پەیامە ئاگرینەکانی سەدر بڵاودەکاتەوە، ئەوەی کە سەدر نایەوێت بە راستەوخۆ بیڵێت بەبێ پەردە و راستەوخۆ لەڕێگەی ئەم هەژمارانەوە دەیگەیەنێت.

وەزیر، لەمانای حوکمڕانیدا کەسێکە لەلایەن سەرۆک وەزیران و پەڕلەمانەوە هەڵبژێردراوە بۆ بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت، بەڵام بەکارهێنانی دەربڕینی وەزیری سەدر لە کاری حزبیدا ستایلێکی نوێیە، بەمانای سیاسەتمەدارێکی گەورەی ئەو ڕەوتە دێت کە نزیکە لەخودی  ڕێبەری ڕەوتەکەوە و وەک دەستە راستی ئەو سەیردەکرێت.

 

ئامادەکردنى؛ خالید کاوە


317 جار خوێندراوەتەوە