دەستەى دەستپاکى عێراق: زیاتر لە 231 ملیار دینارمان بۆ حکومەت گێڕاوەتەوە

KNN : Kurdish News Network
07:09 - 18/08/2022
عێراق
+
-

دەستەى دەستپاکى عێراق رایدەگەیەنێت؛ زیاتر لە 231 ملیار دیناریان لە کۆمپانیایەکى کارتى ئەلیکترۆنى وەرگرتوەتەوە کە تایبەت بوە بە موچەى خانەنشیان لە دەرەوەى عێراق.

دەستەى دەستپاکیى عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، دەستەکەیان توانیویەتی 231  ملیار و 352 ملیۆن و 535 هەزار و 653 دینار بۆ خەزێنەی حکومەت بگەڕێنێتەوە کە لە ئەستۆى کۆمپانیاى کارتى ئەلیکترۆنى (کى کارت) بوە و بەهۆى ئەوەى بانکى رافیدەین موچەى خانەنشینانى دەرەوەى عێراقى لەڕێگەى کۆمپانیایەکى جیهانى بۆ کارتى ئەلیکترۆنى خەرجکردوە، دەرکەوتوە کە بانکەکە چەند جارێک موچەى خانەنشینانى خستوەتە سەر سیستمى کۆمپانیایەک بەبێ ئەوەى کۆمپانیاکە پارە زیادەکە بگەڕێنێتەوە.

لە ساڵى 2017ـەوە بۆ خەرجکردنى موچەى خانەنشنیان لە دەرەوەى عێراق، دەستەى خانەنشیان ئەرکى دابەشکردنى ئەو موچەیەى داوەتە بانکى رافیدەین کە ئەویش لەڕێگەى کۆمپانیا تایبەتەکەى بوارى کارتى ئەلیکترۆنى پێیانى گەیاندوە.

دەستەى دەستپاکیى عێراق رونیکردوەتەوە، بانکى ناوەندى پارەى ئەو کۆمانیایەى بلۆک کردوە، ئەوەش بەمەبەستى گەڕاندنەوەى ئەو بڕە پارەیەى کە لە ئەستۆیدا بوە و هەریەک لە بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاکە و جێگرەکەى تۆمەتبارن بە ئەنجامدانى ئەو کارە کە یەکەمیان شوێنى دیار نییە و دوەمیشیان هەڵاتوە بۆ دەرەوەى عێراق.

104 جار خوێندراوەتەوە