ناکۆکییەکانی نێوان سەدر و مالیکی عێراق دەباتە قۆناغی شەڕی ناوخۆیی؟

KNN : Kurdish News Network
02:59 - 29/07/2022
ڕاپۆرت
+
-

دوای راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021، بەجۆڕێک گۆڕانکاریی بەسەر پرۆسەی سیاسیی لە عێراقدا ھاتوە، کە لایەنی کوردی، سوننە و شیعەی پەرتەوازە کردوە و بەھۆیەوە نەتوانراوە سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرێت و حکومەتی نوێ پێکبھێندرێت.

ھەرچەندە دواجار چوارچێوەی ھەماھەنگی دوای تێپەڕبونی نۆ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کاندید کرد، بەڵام ئەو ھەنگاوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی ھێشتا نەک کۆتایی بە بنبەستی سیاسی لە عێراق نەھێناوە، بەڵکو ناڕەزایەتیی لایەنگرانی سەدری بەدوای خۆیدا ھێنا.

بەڵام ئەگەری ھەیە قوڵبونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی مەترسی شەری ناوخۆ و پێکدادانی نێو ماڵی شیعەکانی لێبکەوێتەوە.

دوای راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021، بەجۆڕێک گۆڕانکاری بەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا ھاتوە، کە لایەنە کوردییەکانی بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردوە بە دو بەشەوە و ھەریەکیان ئەگەر لەژێر فشاردا بێت یان بەرژەوەندیی چونەتە پاڵ لایەنە سیاسییەکانی سوننە و شیعە، ھەر ئەوەیش وای کردوە ئەو دو پارتە کوردییە نەتوانن ناکۆکییەکانی نێوانیان یەکلایی بکەنەوە و لەبارەی کاندیدێکی ھاوبەش بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کە پشکی کوردە بگەن بە رێککەوتن.

رەوتی سەدر کە براوەی یەکەمی ھەڵبژارنەکانی تشرینی یەکەمی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بو، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان، ھاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمانیان پێکھێنا، بەڵام دوای ئەوەی نەتوانرا دانیشتنی پەرلەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆمار و دواتر راسپاردنی سەرۆک وەزیران سازبکرێت، مانگی رابردو سەرجەم ئەندامەکانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستیان لە ئەندامێتیی ئەنجومەنی نوێنەران کێشایەوە.

دوای کشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان ھەڵوەشایەوە، لەئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانی سەروەریی لە گۆڕەپانەکەدا، بەتەنھا ماونەتەوە.

ئەگەرچی دوای کشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تا ئێستا بە فەرمی نە سوننە و نە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵوێستی فەرمی خۆیان لەبارەی داھاتوی ھاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشمان رانەگەیاندوە.

لەبەرامبەردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چوەتە پاڵ چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانی فەتح، بزوتنەوەی عەتا، بزوتنەوەی حقوق و پارتی فەزیلە پێکھاتوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەر ئەوەی چووەتە پاڵا چوارچێوەی ھەماھەنگیی، چونکە بەشێک لەلایەنەکانی چوارچێوەکە رایانگەیاندوە کە پاڵپشتی لە کاندیدەکەی یەکێتیی دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کە ئەوەیش بەرھەم ساڵح، بەڵام بەشێکی دیکەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی داوا لە پارتی و یەکێتیی دەکەن بە رێککەوتن پۆستی سەرکۆمار یەکلایی بکەنەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تا ئێستا چەندین دیدار و کۆبونەوەیان لەسەر ئاستی باڵا بۆ دیارییکردنی کاندیدێکی ھاوبەش بۆ پۆستی سەرکۆماری نوێی عێراق ئەنجامداوە بەڵام تا ئێستا لەسەر ئەم بابەتە نەگەیشتونەتە رێککەوتن و ھەردولا سورن لەسەر ئەوەی کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار نەکشێننەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان، رێبەر ئەحمەد-ی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردوە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، بەرھەم ساڵح-ی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردوە.

لە دوای ساڵی 2005ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆک وەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سوننە بوە.

ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەر لایەنە کوردییەکانی نەکردوە بە دو بەشەوە، بەڵکو نێو ماڵی سوننە و شیعەیش پەرتەوازە کردوە بەجۆرێک ھاوپەیمانی سەروەریی چوە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و رەوتی سەدر بەرلەوەی رەوتەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران بکشێتەوە، لەبەرامبەر تەقدوم چوە پاڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی.

ھاوکات لایەنە شیعەکانی نزیک ئێرانیش لەدژی رەوتی سەدر، ھاوپەیمانییەکیان لەژێر ناوی چوارچێوەی ھەماھەنگیی یەکیانگرت و رێگایان نەدا حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبھێندرێت کە موقتەدا سەدر ھەوڵی بۆ دەدا.

دواجار چوارچێوەی ھەماھەنگی دوای تێپەڕبونی نۆ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کاندید کرد، بەڵام ئەو ھەنگاوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی، ناڕەزایەتیی موقتەدا سەدر و لایەنگرانی بەدوای خۆیدا ھێنا.

رۆژی دوشەممە 25ی تەموزی 2022، چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاندبو کە محەممەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کاندیدکردوە.

محەمەد شیاع سودانی، سیاسەتمەدارێکی شیعە مەزھەبە و پێشتر پۆستەکانی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزیری مافی مرۆڤ و جێگری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی عێراقی وەرگرتوە.


محەمەد شیاع سودانی لە ساڵی 2019دا لە حزبی دەعوە و ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کشایەوە کە ئەو کات خۆپیشاندانی تشرینییەکان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دژبە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی ئەنجام دەدران و دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە محەمەد شیاع سودانی وەکو سەرۆک وەزیران لە شوێنی عادل عەبدولمەھدی راسپێردراوە، بەڵام ھەر زو لایەنگرانی سەدر راسپاردنی محەمەد شیاع سودانییان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رەت کردەوە.

رۆژی چوارشەممە 27ی تەموزی 2022، جارێکی لایەنگرانی رەوتی دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ھەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران کە دەکەوێتە ناوچەی سەوز.

ناکۆکییەکانی نێوان موقتەدا سەدر و نوری مالیکی، پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بەرەو کوێ دەبات؟

ئەگەری ھەیە قوڵبونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی مەترسی شەری ناوخۆیی و پێکدادانی نێو ماڵی شیعەکانی لێبکەوێتەوە، چونکە بەردەوام ناکۆکیی قوڵ لەنێوان ھەردولادا ھەبوە کە تا ئێستایش بەردەوامە.

موقتەدا سەدر، نوری مالیکی کە دوخول (2006 - 2010 و 2010 - 2014) سەرۆک وەزیران بو، بە "گەندەڵی و کردەی توندوتیژی" تۆمەتبار دەکات، ھەروەھا ھۆکاری داگیرکردنی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق لە ھاوینی 2014دا لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، دەخاتە ئەستۆی سیاسەتەکانی نوری مالیکی.

ھەر ئەوەیش وای کردوە، ناکۆکییەکان لە نێوان موقتەدا سەدر و نوری مالیکی-دا قوڵببێتەوە کە ئەوەیش لەوانەیە عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ ببیات کە دواجار ھەموان باجەکەی دەدەن.

پێشتریش باس لەوەکرابو کە کشانەوەی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە مانای کشانەوەی لە کۆی پڕۆسەی سیاسی وڵاتدا نایەت، بینرا رۆژی 27ی تەموزی 2022، چۆن موقتەدا سەدر لە یەکەم دەرفەتدا بە لایەنگرێکی زۆرە رای گشتیی عێراقی ھەژاند و کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق رەتکردەوە.

لە ماوەکانی رابردودا تۆمارێکی دەنگی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە گوایە دەنگی نوری مالیکییە کە تیایدا رەخنە لە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر دەگرێت و وەک لە تۆمارە دەنگییەکەدا ھاتوە "موقتەدا سەدر دەیەوێت حکومڕانی بکات، بەڵام ئەگەر حوکمڕانی بکات ھیچ ناھێڵێت؟ باشە ئەو ئێستا دەسەڵاتدار نییە؟ ئەو وەزیرانی بەگوێ پەلکێش نەکرد و ھەڕەشەی لە وەزیری دارایی کرد؟ من شارەزای رەوتی سەدرم، من دژیان جەنگام لە بەسرە، کەربەلا و بەغدا، ئەوان ھەر ئەوکاتیش ترسنۆک بون".

لە وەڵامی تۆمارە دەنگییەکەدا سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا رایگەیاند"لە لایەن حزبی دەعوە و گەورەکەیان کە مالیکی-یە، ھەڕەشەی کوشتنم لێکراوە".

لەئێستادا، تادێت ناکۆکییەکانی نێوان موقتەدا سەدر و نوری مالیکی زیاتر قوڵتردەبێتەوە و ئەوەیش وایکردوە کە رەوشی عێراق ئاڵۆزتر بێت، جگە لەوەیش ئێستا ئەوەندەی ئاسۆی رودانی شەڕی ناخۆ لە عێراق بەدی دەکرێت ئاسۆی گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا بەدی ناکرێت.

لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا، ھەمو ئەگەرێک چاوەڕوانکراوە، بۆیە ھیچ دور نییە ئەمجارە، لەکاتی قوڵبونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان موقتەدا سەدر و نوری مالیکی، شەڕ لەنێو ماڵی شیعەدا روبدات، بەتایبەتیش دوای ئەوەی رۆژی ٢٧ی تەموزی ٢٠٢٢، وێنەیەکی نوری مالیکی کە چەکی ھەڵگرتوە لە ناوچەی سەوز دەسوڕێتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبویەوە، ئەو گومانانەی بەھێزتر کرد لەوەی پێکدادانی چەکداریی نێوان شیعەکان ئەگەرێکی کراوەیە.

219 جار خوێندراوەتەوە