کوێستان محەمەد: لەبەرژەوەندى کرێکاران خۆشبەختانە پرۆژە یاساى نوێى کار پەسەند کرا

KNN : Kurdish News Network
08:25 - 06/07/2022
کوردستان
+
-

ئەنجومەنى وەزیران "رەشنوسی پڕۆژە یاسای نوێی کار"ى پەسەند کرد کە لەلایەن وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتییەوە ئامادەکراوە، بەپێى رەشنوسەکە وێراى بەرزکردنەوەى هەلى کار، هاوکات ماف و شایستەکانى کرێکارانیش پارێزراو دەبێت.

کوێستان محەمەد، وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى بە دیجیتاڵ میدیاى (کەى ئێن ئێن)ى راگەیاند: لە کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیراندا،" رەشنوسی پڕۆژە یاسای نوێی کار"مان، خستەڕو کە لەلایەن وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى و بەهاوکارى وەزارەتى پلاندانان و چەند رێکخراوێکى نێودەوڵەتى بەتایبەت  (ILO).

وتیشى،" ئەم یاسایە یەکێکە لە یاسا هەرە گرنگەکان و یاسایەکی سەردەمیانەیە و کۆڵەکەی برەودانە بە ئابوریی و بازاڕ وکەرتی تایبەت و بەهاوکاری رێکخراوی جیهانی کارو پشت بەست بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان داڕێژراوەو هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی رەگەزی تێدا پارێزراوە".

رونیشى کردەوە، "یاساى نوێى کار گرنگییەکەى لەوەدایە، ئەو یاسایەى ئێستا کارى پێدەکرێت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى هەشتاکانى سەدەى رابردوو کە لەسەر بنەمای مەرکەزییەت داڕێژراوە و هێنانەکایەی ئەم یاسا نوێیە، پێویستیەکی حەتمی بوو بۆ قۆناغی ئێستا، بەتایبەت کە ئەنجومەنى نوێنەران ساڵى 2015 یاسایەکى نوێیان دەرکرد، ئەو یاسایە لە هەرێم کارى پێنەکراوە، واتا ئێمە بەیاسایەک کاردەکەین کە عێراق خۆى کارى پێناکات".

بەپێى لێدوانى وەزیرى کار، لە پڕۆژە یاساکەدا، رێکخستنی پەیوەندییەکانی کار لە نێوان کرێکاران و خاوەنکاران، لەسەر بنەمایەکى نوێ و پاراستنی مافەکانی هەر یەکێکیان و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و یەکسانی ڕەگەزی و بە تایبەتی پاراستنی مافی کرێکاران و تەندروستی و سەلامەتی پیشەییان و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر  و جێگرتنەوەی کرێکارانی بیانی بە دەستی کاری ناوخۆیی، کارى لەسەرکراوە.

وەزیرى کار باسى لەوەشکردووە، لەڕێی ئەم یاسایەوە، بەشێوازێکی رێکخراوتر و باشتر مامەڵە لەگەڵ کرێکاری بیانی دەکرێت و مافەکانیان پارێزراوتر دەبێت لەگەڵ رەچاوکردنی مافەکانی کرێکاری خۆماڵی لە پرسی دابینکردنی هەلی کار بۆ دەستی کاری خۆماڵی و رێکخستنی گرێبەستی کار و کاتەکانی دەوام کردن و مۆڵەت وەرگرتن، بەتایبەتیش مافی منداڵ و ژن پارێزراوتر دەبێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، خۆشبەختانە لە کۆبونەوەى ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسای نوێی کاری پەسەند کرد و ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرا بۆ تەشریعکردنی.

627 جار خوێندراوەتەوە