لە کۆنگرەی هەدەپە چی کرا؟ چی رویدا؟

KNN : Kurdish News Network
07:10 - 03/07/2022
ڕاپۆرت
+
-

هەدەپە بە مەبەستی رزگاربون و وەڵامدانەوەی هەوڵەکانی داخستنی، پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرە سازکرد، لە کۆنگرەکەدا دەیان هەزار ئەندام و میوانان لە سەرتاسەری جیهانەوە بەشداربون و هەریەک لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار بە هاوسەرۆکی هەدەپە هەڵبژێردرانەوە.

ئەمڕۆ یەکشەمە لەگەڵ دەنگی هەڵپەڕکێ و ئاهەنگی ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لە یاریگای ئەرینای ئەنقەرە لەژێر دروشمی "لەگەڵ ئێمە چارەسەر" بە بەشداریی دەیان هەزار کەس پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی هەدەپە دەستی بەکارەکانی کرد.

کۆنگرەکە لەکاتێکدایە هەدەپە لە ماوەی دو ساڵی رابردودا لەلایەن دادگاوە فشارێکی زۆری لەسەرە و هەوڵی داخستنی لە ئارادایە و لە ئێستادا دۆسیەکە لەدادگایە، بەڵام یەکلایی نەکراوەتەوە.

هەوڵەکانی داخستنی هەدەپە هەرچەندە تا ئێستا نەگەیشتوەتە ئەنجام، بەڵام کۆنگرەی ئەمجارەی ئەو حزبە وەک هەوڵێک دێت بۆ شکستهێنانی داخستنی، هەرچەندە دیار نیە ئەم هەوڵە دەتوانێت ئامانجەکەی بپێکێت.

لە پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتى دیموکراتى گەلان هەدەپە، هەریەک لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار بە هاوسەرۆکی هەدەپە هەڵبژێردرانەوە.

پەروین بوڵدان بۆ جاری سێیەم بوەوە بە هاوسەرۆکى هەدەپە ومیدحەت سانجاریش بۆ دوەم جارە بۆ ئەوپۆستە هەڵبژێردرا.

لە کۆنگرەی هەدەپە چی کرا؟
- بەشداربونی هەزار و 50 ئەندام
- هەموارکردنی پەیڕەوی ناوخۆ
- هەڵبژاردنی 100 ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی
- هەڵبژاردنی 50 نوێنەری یەدەگ
- هەڵبژاردنی ئەندامانی لیژنەی جێبەجێکردن
- هەڵبژاردنی هاوسەرۆکی گشتی
- دروستکردن و ڕاگەیاندنی لیژنەی ڕۆشنبیران

پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە کە لە ساڵی 2012 دامەزراوە و لەئێستادا نزیکەی 50 هەزار ئەندامی هەیە، سێهەم گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمانی تورکیایە، هەرچەندە بەربەستی 10٪ی هەڵبژاردندی تێپەڕکردوە بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی و هاوسەرۆکانی پێشوتری ئەوحزبە دەستگیرکراون.

مێژوی دامەزراندنی هەدەپە:

15-10-2012دامەزراوە
یەکەم هاوسەرۆک:  یاڤوز ئۆنەن و فاتمە گۆک

یەکەم کۆنگرە 2013
هاوسەرۆک: سەباحەت تونجەل و ئەرتوغروڵ کورکچوو

دووەم کۆنگرە 2014
هاوسەرۆک: فیگەن یوکسەکداخ و سەلاحەدین دەمیرتاش

سێیەم کۆنگرە2017
هاوسەرۆک: سەرپیل کەمالبای و سەلاحەدین دەمیرتاش

چوارەم کۆنگرە2020
پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار

یەکەم کۆنگرەی نائاسایی2018
پەروین بوڵدان و سەزای تەمەللی

594 جار خوێندراوەتەوە