هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێى عێراق خێراتر دەکرێن

KNN : Kurdish News Network
10:03 - 02/07/2022
ڕاپۆرت
+
-

وابڕیارە دوای جەژنی قوربان گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت گەرموگوڕی تێکەوێتەوە و  جگە لە ئەجێندای لایەنە سیاسییە ناوخۆییەکانی عێراق و هەرێم, چەند وڵاتێکى دراوسێ و جیهانیش کاریگەری لەسەر پرۆسەکە هەیە، سەبارەت بە کوردیش خواستى وڵاتان و لایەنە شیعەکانیش ئەوەیە کە بە یەک کاندیدى هاوبەشەوە بچنە دانیشتنى پەرلەمانەوە، بەڵام ناکۆکى پارتى و یەکێتى لەسەر ئەو پرسە بەردەوامە.

بەپێى ئەو زانیاریانەى دەستى کەى ئێن ئێن کەوتووە، کۆمارى ئیسلامى ئێران، دەیەوێت پاش جەژنى قوربان هەنگاوەکان بۆ پێکهانى کابینەى نوێ دەست پێ بکات.

ئێران خواستى ئەوەى هەیە، سەرۆک کۆمار وەک تەوافوقى سیاسى بدرێتە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و داواکارییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان بەتایبەت لە پرسى وزە و پۆستەکان لە کابینەى نوێ جێبەجێ بکرێـت.

خواستى وڵاتان و لایەنە شیعەکانیش ئەوەیە کە کورد بە یەک کاندیدى هاوبەشەوە بچێتە دانیشتنى ئەنجومەنى نوێنەران، بەڵام ناکۆکى پارتى و یەکێتى لەسەر ئەو پۆستە بەردەوامە و نەتوانراوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن پڕۆژە و کاندیدى هاوبەشیان هەبێت.

پارتى دیموکراتى کوردستان تا ئێستاش ڤیتۆى لەسەر کاندیدى یەکێتى کە بەرهەم ساڵحە هەیە و بۆ رێککەوتنیش لە ئەگەرى گۆڕینى کاندیدەکەى یەکێتى ئامادەى گفتوگۆیە، بەڵام یەکێتى تا ئێستاش سورە لەسەر دانانى بەرهەم ساڵح و ئەمەش خاڵى گەورەى ناکۆکى پارتى و یەکێتییە.

بۆ ناو ماڵى شیعە و کاندیدى سەرۆک وەزیرانى داهاتوو، بەرپرسانى باڵاى ئێران ئەوەیان بە لایەنە سیاسییە شیعییەکانى ناو چوارچێوەى هەماهەنگى راگەیاندووە، جگە لە هادى عامرى هەر بەرپرسێکى دیکە دەکرێتە سەرۆک وەزیران لە کابینەى نوێ، ئێران لارى نییە.

زانیارییەکانى بەردەستى کەى ئێن ئێن ئەوەش ئاشکرا دەکەن، کە نورى مالیکى و وەفدێکى چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ سەردانى هەولێر ئامادەکارى دەکەن و دەیانەوێت لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان، بگەنە رێککەوتن.

چوارچێوە وەرەقەیەکى سیاسى بۆ رێککەوتن ئامادە کردووە و دەیانەوێت تیایدا بەڵێنى ئەوە بە بەرپرسانى پارتى بدەن، تا کاتى  دەرچونی یاسای نەوت و غاز لەم خولەی پەرلەمانی عێراق، بڕیارەکانى دادگاى فیدڕاڵى رابگیرێت. هاوکات کاربکەن بۆ ڕێککەوتنێکی سەرەتایی و لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ بڕە پارەیەک وەک پێشینە بدەنە حکومەتى هەرێم ئەوەش تا ڕێککەوتنی لایەنەکان لەسەر یاسای نەوت و غاز.

پێشتر وەها بڵاوکرایەوە ئەگەر داخوازییەکانى جێبەجێنەکرێت پارتى دیموکراتى کوردستان تاوتوێى کشانەوە لە پڕۆسەى سیاسی دەکات، بەڵام بەپێى زانیارییەکانى کەى ئێن ئێن، وڵاتانى هاوپەیمانان بە تایبەت وڵاتانى فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئەمەریکا و ئیتاڵیا و وڵاتانى ناوچەکە، لەگەڵ بۆچوونى بایکۆتى کورد و هیچ لایەنێک نین لە عێراق، ئەوان دەیانەوێت حکومەتى داهاتووى عێراق بە پشتیوانى و بەشدارى هەموو پێکهاتەکانى عێراق لە سوننە و کورد و شیعە بێت.
لە رێگەى دیبلۆماسیشەوە ئەوەیان بە پارتى دیموکراتى کوردستان راگەیاندووە و دەیانەوێت کورد بەشدارى کاریگەرى لە کابینەى نوێى حکومەتى عێراق هەبێت

217 جار خوێندراوەتەوە