داهاتەکانی حکومەت چین؟ چۆن زیاد دەکرێن؟

KNN : Kurdish News Network
03:18 - 28/06/2022
ڕاپۆرت

نوسینى: ئەنوەر کەریم

 

بەگشتی حکومەت لەسەرکۆی داهاتەکانی و خەرجیەکانی، بەڕێوەبردنی حکومەتەکەی بەڕێوەدەبات بەمەش دەوترێت بودجەی گشتی، کە لە بودجەکەدا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پڕۆژەکانی وەبەر‌هینان و خەرجییەکانی حكومەت بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەڵام لە دروستبونی قەوارەی هەرێمەو بەردەوام کێشە هەبووە لە کۆکردنەوەی داهات. هەمیشە کەم و ناجێگیر و لاسەنگ بوە. بەردەوام کورتهینان  Fiscal Deficit  لە بودجەدا هەبوە.

 هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 وە بودجەی نیە. بڕینى بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن عێراقەوە بەردەوام کێشەکانی گەورەتر کردوە بۆیە پێویستی بە چارەسەری کارگێڕی و دارایی و یاسایی هەیە، نەبوونی بودجە ئەوپەڕی ناشەفافی و لە حکومەتدا پیشان ئەدات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە حکومەت بەئارەزووی خۆی گەندەڵی و تەخشان و پەخشان لە داهاتدا بکات، هەروەها دەتوانرێت جیاوازی گەورە بکرێت لە دابەشکردنی داهاتدا بەتایبەتی لە رژێمە ئابورییە کرێخۆرەکەندا، کە دەتوانرێت تەنها خزمەتی پایتەخت بکرێت و ئۆفیسی سەرۆکی وڵاتی لێیە تا هاوڵاتیان ڕازی بکات و کێشە بۆ حکومەتەکەی دروستنەکرێت.

داهاتی گشتی چیە؟
 مەبەست لە هەموو ئەو جۆرە داهاتانەیە کە حکومەت لە سەرچاوە جۆراو جۆرەکانەوە وەریدەگرێت بۆ بەڕێوەبردنی خەرجییە گشتییەکان و بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بەکاریدەهێنیت.

 بودجەی گشتی
 گرنگترین ئەرک لە بودجەدا شێوازی بەکار‌هینانی خەرجی و دۆزینەوەی پێویستیەکانە بۆ تەرخانکردنی ئەو سەرچاوەو داهاتانەی کە لە بەردەستدایه‌. زۆربەی وڵاتان لە ئیستادا بەردەوام کورتهینانی بودجەیان هەیە، وڵاتان لە ژێڕ قەرزیکی گەورەدان لە ئەنجامی دەرکردنی دراودا بە هۆی پەتای کۆڤید - 19 و تائێستاش لەزۆری شوێنی جیهاندا کاریگه‌رییه‌کانی به‌رده‌وامه‌.

کورتهێنانی بودجەی گشتی
مەبەست لە کورتهێنان، واتە داهاتە گشتیەکان کەمترە لە خەرجیە گشتیەکان لە ساڵێکی دارایدا. بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو کورتهێنانە لە ئەنجامی پڕۆژە پێویستە گرنگەکانەوە بێت نەک لە ئەنجامی بەهەده‌ردان و گەندەڵی، کە ئەمە زیاتر ئەبێتە هۆی کورتهێنانی بودجە.

جۆرەکانی داهات

1. داهاتە سیادییەکان؛ بریتین لە باج و رسومات و گومرگ ...هتد. داهاتە سیادییەکان بەشێکی زۆری تێکڕای داهاتی ناوخۆ پێکدەهێنێت بەتایبەتی باج کە لە زۆربەی وڵاتان بەشێکی گرنگی تێکڕای داهاتی ناوخۆ پێکدەهێنیت. لە ئابوری ئاساییەکاندا باج نزیکەی 15% و لە ئابوریە پێشکەوتوەکاندا 40% تیكڕایی داهاتی ناوخۆ پێکدەهێنیت.
2. داهاتە ئابورییەکان بریتین لە داهاتی موڵکەکانی ده‌وڵه‌ت و چالاکییە ئابورییەکانی بواری عەقارو پێشەسازییەکان و بازرگانی و دارایی بۆ کەرتی تایبەت و گشتی.
3. قەرز و چاپکردنی دراو کە حکومەت دەیکات لە ڕێگای دەرکردنی قەواڵه‌وە BOND  بۆ وەبەرهێنەری ناوخۆ و دەرەوە، یان حكومەت قەرز بکات لە وڵاتێکی تر یان چاپکردنی دراو، کە زۆرتین وڵات پەنای بۆ دەبه‌ن له‌پێناو پڕکردنەوەی بودجە و دواتر دەبێت بەقەرز بەسەر نەوەکانی داهاتوو یان لە کاتی گەشەکردنی ئابوریدا قەرزەکان پڕئەکرێتەوە ئەدرێتەوە بە بانکی ناوەند.

جۆرەکانی کورتهێنان
1. کورتهێنانی کاتی؛ ئەو جۆرە کورتهێنانەیە کە بەهۆی گۆڕانکاری لە چالاکییە ئابورییەکاندا رودەدات. ئەمەش بەردەوام لە سوڕی ئابوریدا ڕوو دەدات لە ئەنجامی کەمبونەوەی داهاتەکانی حكومەت بەهۆی کەمبونەوەی داهاتە نەتەوەییەکانەوە، ئەمەش زۆر جار ڕوو دەدات. دەبێتە هۆی کەمبونەوەی داهات و لە ئەنجامدا کورتهێنانی بودجە ڕوو دەدات. بەڵام ئەم جۆرە کورتهێنانە مەترسیدار نیە، هەندێ جار ماوەیەکی کەم دەخایەنێت. بۆ نمونە وڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوت کە نرخی نەوت دادەبەزێت. ئابورییەکەی پاشەکشە دەکات، بەڵام لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی نەوتدا سوڕی ئابوریەکە گەشە دەکاتەوە.
2. کورتهینانی بونیادی؛ کورتهێنانی درێژخایەن و بەردەوامە پەیوەست نیە بەسوڕی ئابورییەوە ئەمەش بەهۆی لاسەنگی لە پەیکەرە ئابورییەکەدایە. چونکە ئابوری ووڵات ناتوانێت داهاتی تەواو بۆ پڕکردنەوەی پێویستەکانی وڵات کۆبکاتەوە بۆ تەمویلی خەرجیە گشتییەکان، هەرێمی کوردستان بەدەست ئەم جۆرە کورتهێنانەوە دەناڵێنێت. بەم میکانیزمە بەردەوامبێت کێشەکان زیاتر قوڵدەبنەوە. بۆیە لە کۆتایدا حکومەت دەبێت زیادکردنی داهاتی بەو شێوەیە بێت بۆ ئەوەی ئابوریەکی گەشەکردوی بەردەوامی هەبێت. چارەسەرە ڕیشەیەکان بکات بۆ زیادکردنی داهات لە ئەنجامی سیستەمێکی دامەزراوەی ئابوری تۆکمەوه‌.

فاکتەرە ڕاستەوخۆکانی گەشەکردنی ئابوری
1. سامانی سروشتی بریتییە لە نەوت و غازو کانزا گرانبەهاکانی تر لە گەڵ ئاو خاکی بەپیت دەبێتە هۆی گەشەکردنی ئابوری.
2. توانا مرۆییەکان بریتیە لە ژمارەو تواناو کارامەیی تاکەکانی کۆمەڵگا، ئەمەش لە رێگای په‌روه‌رده‌وه‌ دەبێت، کە وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا چۆن قوتابیان ئامادە دەکەن بۆ بازاڕی کار.
3. سەرچاوەی ماددی. که‌ پەیوەندی بە ژێرخانی ئابوری و ئامڕازه‌کانی بەرهەمهێنانەوە هه‌یه‌. هه‌ر وڵاتێک ئەو ئامڕازانەی هەبێت گەشەی خێراتر ئەکات.
4. بونی دامەزراوەکان، بەهێزی ئەو دامەزراوانە لە راپەڕاندنی کارەکانیاندا بۆ لێپرسینەوە و بەدواداچوون. بوونی دادگایەکی بەهێز کە بتوانێت یاسا سەروەر بکات، دەزگای چاودێری کارامەو بتوانێت گەندەڵکاران بدۆزێتەوەو لێپرسینەوەیان لە گەڵدا بکات.

فاکتەرە ناڕاستەوخۆکان
1. رۆڵی حکومەت لە سیاسەتی ئابوری و متمانە دا، حکومەت کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر ئابوری، دەتوانێت لە رێگای باجەوە ڕۆلی کاریگەر ببینیت هەروەها سیستەمی خانەنشینی کە لە ڕێگای سندوقەوه‌، دەتوانێت پاشەکەوتی خانەنشینان ببێتە هۆی وەبەر‌هێنانی گەورە. ئەم باج و خانەیشنە پێویستیان بە سیستەمێکی پێشکەوتوی بانکی هەیە تابتوانێت متمانە دروستبکات بۆ وەبەرهینەران و پاشەکەوتکەران.
2. قەبارەی بازاڕ زۆر گرنگە چونکە وەبە‌‌رهێنەر تادڵنیا نەبێت کە ئابوری ووڵات گەشە دەکات و داهاتی تاک زیاد ئەکات سەرمایەکەی خۆی ناکاتە وەبەرهینانەوە.
3. سەقامگیری بازاڕ، ئەمەش پەیوەندی بە ناوخۆی وڵاتەوە هەیە پەیوەندی حکومەتی هەرێم لە گەڵ عێراقداو هەروەها پەیوەندی حکومەت و ئۆپۆزۆسێۆن بۆیە سەرمایە گوزاری لە ووڵاتێکدا ئەکرێت کە بازاڕ سەقامگیر بێت.
4. کێبڕکێ و بازاڕی کراوە، بازاڕ دەبێت ئازادبێت و قۆرخکاری نەکرێت. قۆرخکاری ئازادی لە ناو دەبات کە تاکەکان ئازاد ئەبن. ئازادی هەمیشە برەو دەدات بەگه‌شەدان و پەرەسەندن لەسەرمایەو توانا مرۆییەکان. قۆرخکاری ئابوری دەبێتە هۆی لاوازی پاڵنەرە ئابورییه‌کان.
5. ئایدیای نوێ، بۆ ئەوەی گەشە بەردەوامبێت، دەبێت پشت به‌ (توێژینەوەو گەشەکردن) ببه‌سترێت، کە ئەنجامدا ئایدیای نوێ دروست دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەکردنی ئابوری.
6. دەسگەیشتن بەبازاڕی سەرمایە، بەهۆی بونی سیستەمێکی بەهێزی بانکیەوە دروست دەبێت تابتوانرێت قەرز وەربگیرێت لە بانک یان حكومەت قەرزی پێبدات بە ڕیژەی سودی بانکی زۆرکەم یان هاریکاریبکات.

سیستەمی باج دەبێت چۆن بێت؟
کۆکردنەوەی باج کارێکی بنچینەییە بۆ ئەوەی بتوانرێت خەرجیەکانی حکومەتی بەردەوامبێت بۆ تەندروستی و پەروەردەو رێگاو بان و کارەبا. بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتی سەرچاوە سروشتییەکان لە کاتی نەماندا یان دابەزینی نرخەکانیاندا حکومەت تووشی کێشە نەبێت کە بەردەوام حکومەتی هەرێم ئەم کێشەيەی هەیە.
بەڵام ئەو بۆشاییە گەورە داراییە دەبیت لە رێگای کەرتی تایبەتەوە پڕبکرێتەوە لە ئەنجامی زیادکردنی داهاتی کەرتی تایبەتەوە.
 ریژەی باج زۆر گرنگە بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت لەسەر پێی خۆیی بوه‌ستێت، هەروەها لە گەشەکردنیش بەردەوامبێت. سیستەمی باجدان ئەبێت زۆر ئاسان بکرێت هەتا سیستەمە کە ئاڵۆزبێت زیاتر ڕێگای گەندەڵی دەکاتەوه‌، ڕێگا ئەدات بەوەی خەڵک خۆی بدزێتەوە لە باجدان. کەرتی نافەرمی گەورە دروستدەکات و گەندەڵی زیاتر ئەکات وەبەرهێنان کەمتر ئەکات. سیستەمی باجی پێشکەوتوو وادەکات باری باجدەر ئاسان بکات بۆ ئەوەی یاسای باج جێبەجێبکات. مەرجێکی گرنگە کە سیستەمی باج ڕەواو دادپەروەرانەبێت، تا بتوانرێت باڵانس رابگرێت لە نێوان حکومەت و باجدەردا، هەروەها بەردەوامبێت و گەشەبکات. ڕەوایەتی لەوەدایە کە تێبینی لە نێوان دەوڵەمەندو هەژاردا بکات، لە نێوان تاک و کۆمپانیاکاندا، لە نێوان لادێ و شارەکاندا، کەرتە فەرمی و نافەرمیەکاندا، لە نێوان کرێکارو داهاتی وەبەرهێناندا و لە نێوان گەنج و بە تەمەندا.

داهاتی باج چۆن زیادکرا

حكومەتی جۆرجیا کۆمەڵی هەنگاوی چاکسازی گەورەی نا بۆ کوکردنەوەی باج کە پێشتر حكومەت نەیدەتوانی باج کۆبکاتەوە، لەبەر ئەوەی گەندەڵیەکی زۆر هەبوو لە ووڵاتدا کە هەموو دەزگاکانی دەوڵەتی گرتبووە. بەڵام شۆڕشی تازە کە لەساڵی 2003 دا بڕیاری ده‌رکرد که‌ لێخۆشبون بۆ کەس نیە، کە لەلایەن حیزبی حاکمەوە دەرچوو سیاسیەکان ئامادەیی خۆیان پیشاندا کە شەڕی گەندەڵی دەکەن، چونکە داهات بەهۆی گەندەڵیەوە نەدەگەڕایەوە بۆ گەنجینەی حكومەت، بەمەش نەدەتوانرا تەنانەت مووچەی فەرمانبەران بدرێت، وەک چۆن لە هەرێمی کوردستان بوە بە دیاردە نەدەنانی مووچەی فەرمانبەران. حکومەتی جۆرجیا ئەم بریارانەی دەرکرد بەڵام حکومەتی جۆرجیا بەرنامەیەکی تۆکمەی هەبوو بۆ کۆکردنەوەی باج نەک وەک حکومەتی هەرێم کە لە یاسای چاکسازی ژمارە 2 ساڵی 2020 داهاتوە، کە بڕیار بوو 20% باج بخرێتە سەرئینەتەرنیت و پەیوەندیەکان بەڵام بە هۆی ئەوەی کە کۆمپانیاکانی ئینەته‌رنێت سەر بەحیزبه‌کانن، ئەوە زیاتر لە 2 ساڵ و نیوە بڕیارەکە جێبەجینەکراوە.

بڕیارەکانی حکومەتی جۆرجیا لەسەر باج
حکومەتی جۆرجیا لە زۆر ڕووە لە کوردستان دەچیت دوای شەری ڕووسیاو شەڕی ناوخۆیی ووڵات و حکومەتێکی زۆر گەندەڵ بەڵام شۆڕشی گوڵ لە ساڵی 2003 هەموو شتێکی گۆڕی ئێستا جۆرجیا یەکێکە لە ووڵاتە هەرە پێشکەوتوەکان لە ڕوی شەفافیەتەوە لەڕیزی ووڵاتە پێشکەوتوەکانە. حکومەتی جۆرجیا کۆمەڵی بڕیاری دەرکرد کە ئەمانەی خوارەوەن.
1. لیبوردن بۆ کەس نیە ئەگەر گەندەڵی بکات و بۆ ئەمەش یاسای سزای گەندەڵیان دەرکرد وە جێبەجیان کرد.
2. پێداچوونەوە بەیاسای باج و ئاسانکردنی سیستەمی باجدان.
3. ڕێژەی باجیان کەمکردەوە.
4. کۆمەڵی باجیان لابرد کە داهاتەکەی زۆر کەمبوو.
5. باجی دەرەمەتیان کرد بەڕێژەی 20%
6. باجی کۆمپانیاکانیان کرد بەڕیژەی 15%
7. VAT  ئەمە باجە دەخرێتە سەر شتومەک لە 20% وە کەمکرایەوە بۆ 18%. ئەو باجانەی کەمکرابوونەوە بەڵام بەهۆی سەپاندانی یاسەوە وەڵامدانەوەی باشتری هەبوو، بۆیه‌ بوە هۆی ئەوەی کە داهاتی باج زیادبکرێت.
8. حکومەت کار ئاسانی کرد بە هۆی بەئەلیکترۆنی کردنی سیستەمی باجەوە. بە کورتی ئاسانکردنی سیستەمی باج و نەهێشتنی لێخۆشبوون بەهیچ پاساوێک. چەند ڕێژەیەکی دیاریکراوی بۆ جۆرەکانی باج کەمتەرخەمی باجدەر کەمدەکاتەوە.
9. جۆرجیا بەردەوام بەڕێوبەری نوێ و توانا مرۆیەکانی زیاد ئەکرد، فەرمانبەرە کۆنەکانی دەردەکرد بەناوی سیسیەتمی دژە گەندەڵیەوە.

لە شوێنێکی وەک هه‌رێمی کوردستاندا باشترین ریگا بۆ کوکردنەوەی باج
1. سیستەمێکی ئاسانی باجدان.
2. هەنگاوەکانی ناو سیستەمەکە ئاسان و کورتبێت.
3. ستراکچەری سیستەمەکە ئاڵۆزنەبێت.  ڕێنمایەکی ئاسانی بۆ دابنڕیت.

لیبریا ووڵاتێکی تر دوای شەڕی ناوخۆ کە توانی گۆڕانکاری گەورە بکات لە کۆکردنەوەی باجدا. بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵکەکەی بکات. ئەم جۆرە چاکسازیانه‌ی کرد.
1. باجی لەسەر نرخی هەموو هاوردەیەک بۆ ووڵات دانا.
2. باجی لەسەر شتومەک و هەموو خزمەتگوزاریەکان دانا.
3. باجی خستە سەر ئه‌و کەل و پەلانه‌ی که‌ له‌ ناوخۆ دروست ئەکرێت.
4. تاریفی گومرکی و بەبێ لێخۆشبوون.
5. باج خستنه‌سەر جگەرەو خواردنەوەو ئەلکهولیەکان و نا ئەلکهولییەکان.

 میکانیزمەکانی زیادکردنی داهاتە سیادییەکان و ئابورییەکان
1. بە هەمە چەشەنکردنی ئابوری کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، کە دەبێتە هۆی ئەوەی باج و رسومات و گومرک لەگەڵ موڵکەکانی حکومەت بەتەواوی بەکاربهێنرێت بتوانرێت وەک (داهاتی نانەوتی) کارەکانی حکومەت بە ڕێوەببرێت.
 برەو بدرێت بەم سێکتەرە ئابوریانەی خوارەوە.
یه‌که‌م: کەرتی کشتوکاڵ کە ئەبێتە هۆی ئەوەی هەلی کاری زۆر دابین بکات و دوای گۆڕینی بۆ پیشەسازی خۆراک و بەمەش ئاسایشی خۆراک بەرقەرار دەبێت. کەرتی پەلەوەڕ و ماسی و ئاژەڵداری.
دووه‌م: کەرتی پیشەسازی گەرورە و بچوک
سێیه‌م: کەرتی گەشتوگوزار
چواره‌م: کەرتی تەندروستی
پێنجه‌م: کەرتی پەرەوەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
شه‌شه‌م: کەرتی بیناسازی
حه‌وته‌م: که‌رتی گواستنه‌وه‌ گه‌یاندن
هه‌شته‌‌م: کەرتە خزمەتگوزاریەکان و بازرگانی

داهاتە ئابورییەکان
داهاتە ئابوریەکان کە بریتین لە چالاکیە ئابوریەکان، موڵکەکانی دەوڵەت و بازرگانی و پیشەسازیەکان عەقارات و کەرتی دارایی. لێرەدا حکومەت وەک خاوەن بیزنس کاردەکات، خەڵک وەک کڕیار کاردەکات، بۆ نمونە حکومەت شتومەک دەفرۆشێت یان پارەی کارەباو ئاو و پاس و... و سه‌روه‌ته‌ کانزانیی و ناکانزاییه‌کان . دەتوانرێت داهاتی گەورە کۆ بکرێتەوە.

لەم داهاتەنەدا بە فیڕۆدانی گەورە هەیە.
1.پێشەسازی نەوت و گازی هەرێم پێویستی بە چاکسازی گەورە هەیە بۆ زیادکردنی داهات. گەندەڵیەکی گەورە دەکرێت لە فرۆشتنی نەوت و گواستنەوەو کۆمپانیا لۆجیستیەکانی نەوت کە لە لایەن کۆمپانیا حیزبیەکانەوە بەڕێوە دەچێت.
2. کەرتی بانکی لە هەرێمدا کەرتێکی زۆر لاوازەو بانکەکان تەنها کاریان دابەشکردنی موچەیەو بونەتە بارگرانی بۆ بودجەی گشتی، بانکە بازرگانیەکان هیچ قازانجێک بە هەرێم ناگەیەنن. ئەکرێت مووچە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی دابەشبکرێت و ئەم هەموو تێچووە بگەڕێتەوە بۆ هەرێم.
3. موڵکەکانی هەرێم بووە بە ئابوری ڕەش تەنها بۆ کۆمەڵێک بەرپرسی گەندەڵ کە تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری ئەهێنن. موڵکەکانی حکومەت وەک ئاسن و مادە سەرەتایەکانی چیمەنتۆ و داهاتەکەی بۆ حکومەت نیە.

 داهاتەکانی قەرزو چاپکردنی دراو
1. زۆربەی حکومەتەکان قەرزدەکەن لە ڕێگای دەرکردنی قەواڵە (Bond) واتە ئەمەش بۆ قەواڵەی ناوخۆ بۆ وەبەرهێنەری ناوخۆ کە بە پارەی ناوخۆ ده‌ردەکرێت یان بۆ وەبەرهێنەری بیانی، کە بە پارەی پێوێست بۆ پڕۆژە گەورەکان دەردەکرێت بەپێێ جۆری گرێبه‌ستی پڕۆژەکان، کە بەدۆلار یان یۆرۆ دەردەکرێت. حکومەتی هەرێم تائێستا قەواڵەی دەرنەکردوە. بۆیە ئەم جۆرە داهاتەی نیە.
2. قەرز کە لە ووڵاتێک یان بانکێک یان سەرمایەدارێکی هەرێم، ئەم قەرزانەی هەیە کە قەرزی تورکیاو وەبەر‌هێنەرە ناوخۆیەکان و کۆمپانیاکانی نەوتە.
3. چاپکردنی دراو، زۆربەی زۆری ووڵاتان دراو چاپ دەکەن، ئەمریکاو چین و یابان بەریتانیاو یەکێتی ئەوروپا لە پێشەنگی ئەو ووڵاتانەن کە زۆرترین پارەیان چاپکردوە و قەرزارن، بەتایبەتی بەهۆی پەتای کۆڤید -19 وە. هەرێمی کوردستان ناتوانێت دراو چاپ بکات بۆیە ئەم جۆرە داهاتەی نیە.

سەرچاوە؛


115 جار خوێندراوەتەوە