سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق: هیچ دەرفەتێك لەبەردەم هەرێمدا نیە بۆ پابەندنەبون بە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی

KNN : Kurdish News Network
10:11 - 23/06/2022
عێراق
+
-

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایدەگەیەنێت؛ بۆهیچ لایەنێک نییە سەرپێچی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بکات. دەشڵێت: سەرپێچی کردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی واتە سەرپێچی کردنی دەستور و یاسا.

فایەق زێدان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباحی عێراقی، سەبارەت بە بریاری دادگای باڵای فیدراڵی لە بارەی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم رایگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی بەشێکە لە دەسەڵاتی دادوەری و بە شێوەیەکی سەربەخۆ کارەکانی ئەنجام دەدات.

 وتیشی،" لە دۆسییەی هەناردەکردنی نەوت و غازی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق لایەنی سکاڵاکارە و نوێنەری بیروڕای حکومەتی عێراق دەکات".

رونیشکردەوە، لە دوای بەدواداچونی دۆسییەکە، دەرکەوت وەزارەتی نەوت بە پێی دەستوور مافی ئەو داوایەی هەیە، دادگای باڵای فیدراڵیش لە بەرژەوەندی وەزارەتەکە بڕیارەکەی یەکلاکردەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرجار بڕیاری دادگای فیدراڵی هەبووە بە دڵی حكومەتی عێراقیش نەبوە، بەڵام جێبەجێكراوە، پابەندبون بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی ئەرکێکی دەستووری و یاساییە، بۆ هیچ لایەنێک نییە سەرپێچی لە بڕیارەکانی بکات، سەرپێچی کردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی واتە سەرپێچی کردنی دەستور و یاسا.

هەرچەندە حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی فەرمی تائێستا بڕیاری دادگاکە قبوڵ ناکات و رەتیدەکاتەوە، بەڵام فایەق زێدان دەڵێت، هیچ دەرفەتێك لەبەردەم حكومەتی هەرێم نیە كە پابەند نەبێت بە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی و جەختیش دەکاتەوە، شتێكی ئاساییە كە بەردەوام ئەو لایەی سكاڵا دەدۆرێنێت، دادگا تاوانبار بکات.

لە دواهەمین لێدوانیدا کە لەگەڵ کۆمەڵێک رۆژنامەنوس ئەنجامیدا، مەسرور بارزانى وەک رەتکردنەوەى بڕیارەکانى دادگاى فیدڕاڵى وتى،" لە عێراقدا شتێک نیە بەناوى دادگاى فیدڕاڵى.

368 جار خوێندراوەتەوە