کەسایەتییەکی مەترسیدار دەستگیرکرا، کوردە

KNN : Kurdish News Network
11:47 - 16/06/2022
جیهان

لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە سوریا سەرکردەیەکی داعش لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستگیرکرا.

 

رۆژنامە جیهانییەکان ناوی سەرکردە دەستگیرکراوەکەی داعشییان لە سوریا بڵاوکردەوە کە پیشەی سەرەکی ئەو کەسە دروستکردنی بۆمب بوە لەناو داعشدا.

 

ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەو کەسە ناوی هانی ئەحمەد کوردییە کە والی رەققە بوە لە باکوری سوریا و بە پایتەختی داعش ناسراوە.

 

میکائیل ئێریك کوریلا، فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا کە بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنەی کردوە رایگەیاند: ئەو ئۆپەراسیۆنە لە رێگەی دابەزینی ئاسمانییەوە ئەنجامدراوە و هیچ کەسێکی سڤیل زیانی بەرنەکەوتوە و بەسەرکەوتویی کۆتایی هاتوە.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ئەمەریکا لە سوریا ئەبو ئیبراهیم هاشم قورەیشی، سەرۆکی داعشی لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە باڵەخانەیەکدا کوشت.

 

رێکخراوی داعش لە ساڵی (2014) لە پاریزگای رەققەی سوریا سەریهەڵدا و دوای چەند مانگێك هاتنە ناو خاکی عێراقە و زۆربەی پارێزگا سوننە نشینەکانی کۆنترۆڵ کرد و دواتر بەرەیەك لە دژی داعش لە عێراق پێکهات لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ لەناوبردنی ئەو گروپە.

لە مانگی کانونی دوەمی ساڵی (2017) دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا سەرکەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند.

 

هەرچەندە ئەو گروپە لاوازکراوە، بەڵام ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە هەڕەشەی دادەنێن و دەیانەوێت پاشماوەکانیشیان لەناوبەرن.

2217 جار خوێندراوەتەوە