پارتی: دەکرێت چەند مانگێک هەڵبژاردن دوا بخرێت

KNN : Kurdish News Network
07:41 - 05/06/2022
ڕاپۆرت
+
-

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ بڕیارە 9ی مانگ جارێکی دیکە بە بەشداریی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ھەر شەش حزبی بەشداربووی کۆبوونەوەی ڕابردوو کۆ ببنەوە و لەبارەی چەند پرسێکەوە گفتوگۆ بکەن، لەوانە پرسی ھەڵبژاردن.

ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند :''بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی دیکە بە بەشداریی لایەنە سیاسییەکان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، جینین پڵاسخارت، لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کۆ ببنەوە و کۆبوونەوەی پێشوو ئیجابی بوو و لەسەر دەستپێشخەریی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بووە، بۆ ئەوەی ئەو شەش حزبە لە کوردستان کاریگەرییان ھەیە، پێکەوە کۆ ببنەوە و لەبارەی چەند خاڵێک گفتوگۆ بکەن، وەکوو بڵاویش کرایەوە ئەجێندای کۆبوونەوەکە سێ خاڵی سەرەکی بوو، ئەوانیش پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندیی نێوان پارێزگاکان،  کۆبوونەوەکەش سێ ساعەت بەردەوام بوو.''

ھۆشیار سیوەیلی بە میدیای فەرمی حیزبەکەی راگەیاند : ''کۆبوونەوەکە باش بوو و تا  ڕادەیەکیش بۆچوونەکان لە یەک دوور نین، بەتایبەت لەسەر پرسی ھەڵبژاردن کە لەسەر سیستەمەکە جیاوازیی بۆچوون ھەیە و پارتی کراوەیە و ڤیتۆی لەسەر ھیچ خاڵێک نییە کە یەک بازنەیی بێت، یان فرەبازنەیی، بۆیە بەرەو ئەوە دەچن بگەنە ڕێککەوتن و ڕێککەوتنی کۆتاییی بۆ 9ی مانگ بەجێ هێڵدراوە.''

باسی لەوەشکرد، ''پارتی پێداگری دەکات ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام ڕەنگە کۆمسیۆن نەتوانێت لە کاتی خۆیدا ھەڵبژاردن بەڕێوە ببات، بۆیە ئەگەر بە ھۆکاری تەکنیکی نەتوانرێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، دەکرێت چەند مانگێک دوا بخرێت بەھۆی ئەوەی کۆمسیۆن کارا نییە و ئەگەر کارا کرا ئەوکات وادەیەک بۆ ھەڵبژاردن دیاری بکرێت.''

360 جار خوێندراوەتەوە