زیاتر لە 100 رۆژە هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەردەوامە

KNN : Kurdish News Network
08:58 - 01/06/2022
ڕاپۆرت
+
-

زیاتر لە 100 رۆژ بەسەر هێرشەکانی روسیا بۆ ئۆکرانیا تێدەپەڕێت و سەرەڕای هەموهەوڵ و بەڵێنەکان، سکرتێری نەتەوەیەکگرتوەکان و سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا و زۆربەی بەرپرسانی ئەمریکا نەیانتوانیوە ئەو هێرشانە راگرن، سندوقی دراوی نێودەوڵەتییش دەڵێت: جەنگی ئۆکرانیا راشگیرێت کاریگەرییەکەی تا دەیان ساڵی دیکە دەمینێتەوە.

روسیا داوای ئەوەی 24ی شوباتی ئەمساڵ سەربەخۆیی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لۆهانسکی راگەیاند؛ هێرشەکانی دژی ئۆکرانیا دەست پێکردوە و زیاتر لە 100 رۆژە ئەو هێرشانەش بەردەوامن.

هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بە گەورەترین جەنگی دوای دوەم جەنگی جیهانیی لە سنورەکانی ئەوروپا ئەژمار دەکرێت کە لە ئەگەری بەردەوامبونیدا زیانی گەورەی دەبێت بۆ دابینکردنی خۆراک و دانەوێڵە جیهاندا.
لە ئێستادا و
دوای زیاتر لە 100 رۆژ لە بەردەوامی شەڕ، روسیا کە یەکەم بەرهەمهێنی پەینی کیماییە لە جیهان رەنگە بتوانێت بە قەدەغەکردنی ئەو پەینە، ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم و خۆراکی جیهان بۆ کەمتر لە نیوە دابەزێنێت، هەروەها لە راپۆرتەکانی ناوەندی ئاماری ئەوروپا یۆرۆستات ئاشکرابوە کە مۆسکۆ دەتوانێت بە گرتنەوەی غاز لە وڵاتانی ئەوروپا زیان بە 60٪ی پیشەسازیی و بەرهەمهێنانی ئەوروپا بگەیەنێت .

پێچەوانەی زۆربەی پێشبینییەکان و بەڵێنەکەن هیچ یەک لەو فشار و سزایانەی کە لە ماوەی سێ مانگدا لە دژی مۆسکۆ سەپێنران هێرشەکانی روسیایان بۆ ئۆکرانیا رانەگرت.

سەرەڕای ئەوەی دوای دەستپێکردنی جەنگ لە ماوەی رابردودا سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا و ژمارەیەک سەرۆک و سەرکردەی جیهان وەک پاڵپشتییەک چونە کیێڤ-ی پایتەختی ئۆکرانیا و بەڵێنیان دا بە سزادانی روسیا هێرشەکانی مۆسکۆ بۆ ئۆکرانیا رابگرن بەڵام سەرجەم ئەو هەوڵانە نەیتوانی هێرشەکان رابگرن.

روسیا لە یەکەم رۆژی هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا رایگەیاند ئەمریکا و ئەوروپا بە بەڵێنی ناڕاست ئۆکرانیا گیردۆی شەڕ دەکەن و ئەو وڵاتەش جگە لە زیان و وێرانکاریی هیچی دیکەی لەو بەڵێنانە دەست ناکەوێت.

روسیا کە بە یەکێک 20 وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت لە ماوەی رابردودا زیاترین سزای ئابوریی بەسەردا سەپێنراوە بۆیە دەوترێت ئەوەی ئێستا رو دەدات لە ئۆکرانیا لە شەڕ لەخاکی ئەو وڵاتەوە گۆڕاوە بۆ جەنگی ئابوریی لە سەرتاسەری جیهان.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی کە پێشتر و بەر لە رودانی جەنگ پێشبینیی کردبو گەشەی ئابوریی لە جیهاندا 6٪ زیاد بکات ئێستا و دوای زیاتر لە 100 رؤژ شەڕ لە ئۆکرانیا دەڵێت گەشەی ئابوری لە سەرتاسەری جیهان راگیراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی ئەو سندوقە بە راشکاویی رایانگەنداوە ئەگەر جەنگیش راگیرێت ئەو 100 رۆژ جەنگە تا دەیان ساڵی دیکە کاریگەریە خراپەکانی لەسەر ئابوریی و گەشەی جیهان بەردەوام دەبێت.

132 جار خوێندراوەتەوە