وەزیرى پێشمەرگە: مەترسى گەورە لەسەر هەرێم هەیە

KNN : Kurdish News Network
11:18 - 22/05/2022
کوردستان

وەزیرى پێشمەرگەى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ هاوکارییەکانى هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەردەوامە، بەڵام سەرنجیان لەسەر کەموکوڕى و کەلێنەکان هەیە. دەشڵێت: مەترسى گەورە لەسەر هەرێم هەیە و تەنها پێشمەرگە دەتوانێت روبەڕوى ئەو مەترسیانە ببێتەوە.

لەکاتى پێشکەشکردنى وتارێک لە رێورەسمی دەرچوونی خولی 16ی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى پێشمەرگە رایگەیاند: کارى زۆرمان کردوە بۆ چاکسازى لە رێزى پێشمەرگە و توانیومانە ئابونەى حیزبى نەهێڵین و کارى سیاسیى لەناو هێزى پێشمەرگە قەدەغە بکەین، بەڵام کارى زۆرترمان ماوە و پێویستە پەلەى تێدا بکەین.

وتیشى،" داوا لە سەرۆکى هەرێم دەکەم، رێگرى بکات لە دامەزراندنى پێشمەرگە لە دەرەوەى وەزارەت بوەستێت.

جەختیشى کردەوە، دۆخى ئیستا لەوە زیاتر دەخوازێت کە هەست بە گیانى لێپرسراوێتى بکەین، مەترسى لەسەر هەرێم هەیە و رۆژ بەڕۆژیش مەترسییەکان فراوان دەبن و تەنها بە هێزى پێشمەرگەش دەتوانن روبەڕوى ئەو مەترسیانە ببنەوە.

لەبارەى هاوکارى هاوپەیمانانیشەوە، شۆڕش ئیسماعیل وتى،" هاوکارییەکانى هاوپەیمانان بەردەوامە، بەڵام سەرنجیان هەیە لەسەر کەموکورتى و کەلێنەکان ئەوەش لەپێناو ئەوەى هێزى پێشمەرگە یەکگرتو و ئامادەبێت بۆ هەر ئەگەرێک".

باسى لەوەشکرد، ئەوان وەک وەزارەتى پێشمەرگە دەستپێشخەربون بۆ رێککەوتن لەگەڵ سوپاى عێراق، بەڵام تا هەرێم و بەغدا لە کێشەدابن کاریگەرى لەسەر پەیوەندییەکان دەبێت.

453 جار خوێندراوەتەوە