نێچیرڤان بارزانى بە دەستپێشخەرى نوێوە سەردانی سلێمانى دەکات

KNN : Kurdish News Network
07:16 - 21/05/2022
کوردستان

دواى ماوەیەک لە ململانێ و شەڕى راگەیاندن و یەکترى تۆمەتبارکردن لە نێوان پارتى و یەکێتى، بڕیارە سبەینێ نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانى بکات و دەستپێشخەرییەکى نوێ رابگەیەنێت.

بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێرى (کەى ئێن ئێن)، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانى جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکى هەرێمى کوردستان بگاتە سلێمانى و جگە لە کۆبونەوەى لەگەڵ یەکێتى و راگەیاندنى دەستپێشخەرییەکى نوێ، نەخشەرێگایەکیش بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و ناوەند، بخاتە بەردەم کەسى یەکەمى ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان.

پەیامنێرى (کەى ئێن ئێن) زانیویەتى، نێچیرڤان بارزانى لە دەستپێشخەرییەکەیدا، باس لەو مەترسیانەى سەر هەرێمى کوردستان دەکات کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا   و وەکخۆى دەڵێت "دۆستەکانەوە" هۆشدارییان پێدراوە، جەختیش دەکاتەوە، هەرێمى کوردستان لەم قۆناغەدا لەبەردەم هەڕەشە و مەترسى گەورەدایە، بۆ ئەوەش چەند پێشنیازێک بۆ کاری پێکەوەیی لایەنەکان دەخاتەڕو.

بەپێى زانیارییەکان، دەستپیشخەرییەکەى بارزانى بۆ رێککەوتنى نێوان پارتى و یەکێتییە لەسەر ئەو بابەتانەی کە ماوەیەکی زۆرە ئەو دو حیزبە ململانێی لەسەر دەکەن و کاریگەریی و کاردانەوەی خراپی لە گۆڕپانی سیاسی هەرێمی کوردستان دروستکردوە، ئەوانیش:
 رێککەوتنى یەکێتى و پارتى، لەسەر دۆسیەى نەوت و غاز و داهاتى ناوخۆ، کاراکردنەوەى پەرلەمان و یەکلایى کردنەوەى رۆژى هەڵبژاردن و هەموارى یاسای هەڵبژاردن، کۆتا دەستپێشخەرییش رێککەوتنى ئەو دو حیزبەیە لەسەر پرسى سەرۆک کۆمار کە پەیوەستە بە دەستپێشخەرییەکەى مەسعود کە بڕیارە لەرۆژانى داهاتودا رایبگەیەنێت، کە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، بەهۆی ململانێیەکانی ئەو دو لایەنەوە تائێستا پۆستەکە یەکلایی نەکراوەتەوە و گرفتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دروستکردوە.

هەرچى پەیوەستە بە لایەنە سیاسییەکانى دیکەوە، نێچیرڤان بارزانی رێگەچارەیەک بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغداد دەخاتە بەردەم کەسى یەکەمى ژمارەیەک لایەنی سیاسی، بڕیارە دواتریش کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم درێژەی هەبێت.

سلێمانى/ بڕیار نامیق

444 جار خوێندراوەتەوە