فەرەنسا بۆ ئۆکرانیا: داوامان نەکردووە سازش بۆ روسیا بکرێت

KNN : Kurdish News Network
07:29 - 14/05/2022
جیهان
+
-

حکومەتی پاریس ئەو بانگەشەی سەرۆکی ئۆکرانیاى رەت کردەوە کە باس لەوە دەکات سەرکۆماری فەڕەنسا لە جەنگی (روسیا – ئۆکرانیا)دا، داواى کردووە سازش بۆ روسیا بکرێت''.

بە پێی هەواڵێکی راگەیاندنی فەڕەنسا کە بە پشت بەستن بە کۆشکی ئەلیزێ بڵاوکراوەتەوە، ماکرۆن بەبێ ئاگاداری زێلێنسکی لەبارەی ئۆکرانیا گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکی روسیا، ڤلادیمێر پوتن نەکردووە.

لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە کە بە پێچەوانەی بانگەشەی زێلێنسکییەوە، ماکرۆن نەیویستووە سازش بۆ روسیا بکرێت، بەڵکو هەمیشە باسی لەوە کردووە کە ئەوە کاری ئۆکراینیەکانە مەرجەکانی دانوستان لەگەڵ روسەکان دیاری بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنی Rai 1ی ئیتاڵی، زێلێنسکی هەڵسەنگاندنی بۆ لێدوانەکانی ماکرۆن کرد لەبارەی دۆزینەوەی رێگای دەرچوونی روسیا.

زێلێنسکی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویست بە گەڕان ناکات بۆ رێگای دەرچونی روسیا و، وتی: ''بەڕێز ماکرۆن لە خۆڕا ئەوە دەکات. کاتێ روسیا ئەوە ناخوازێت و تێنەگات ئەوە بۆ خۆی پێویستە، هیچ شتێک ناکات بۆ راگرتنی جەنگ، بە دوای رێگای دەرچونیشدا ناگەڕێت''.

باسى لەوەشکرد، لەو باوەڕەدایە کە ماکرۆن، خوازیاری بەدەستهێنانی هەندێ ئەنجامی نێوەندگیرییە، بەڵام ئەوەی دەست نەکەوت کە بەدوایدا دەگەڕا.

زێلێنسکی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وەک ئۆکرانیا سازش ناکەن لەسەر سەروەریان بۆ رزگاربون.

256 جار خوێندراوەتەوە